رووداو - تەندروستی
مەترسیی بڵاوبوونەوەی تاعونی نێو تاقیگەیەکی رووسی، ترسی خستووەتە نێو وڵاتانی جیهانەوە. ئاژانسی چاودێریی تەندروستیی رووسیا رایگەیاندووە، خانمێکی توێژەر لە پەیمانگەی توێژینەوەی تاعون لە سیبیریا شووشەیەکی پڕ بەکتریای لەدەست کەوتووە، تووشی هەوکردنی تووندی سییەکانی بووە و گیانی لەدەستداوە.
ئێستا نەخۆشخانەیەکی رووسیا تایبەت کراوە بە کارمەندانی پەیمانگەی توێژینەوەی تاعون لە سیبیریا و هەموویان لەوێ کەرەنترین کراون.
ئەم پرسە دۆناڵد ترەمپی هێنایە دەنگ و دەڵێت ''ئێمە بە جیدی لێی دەڕوانین، ئەوان پێی دەڵێن هەوکردنی سییەکان. ساڵانی رابردوو چارەسەرکردنی هەوکردنی سییەکان ئاسانتر بوو، بەڵام مایکرۆب و ڤایرۆسەکان بەشێوەیەکی ناهاوسەنگ بەهێزتر بوون. ئێمە تابتوانین یارمەتییان دەدەین''.
ئیگۆر کۆبزێڤ، پارێزگاری هەرێمێکی سیبیریا دەڵێت: ''ئەوانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ خانمە توێژەرە قوربانییەکە بووە، خراونەتە ژێر چاودێریی و پشکنینی هیچ کامیان نەخۆشییەکەیان نەبووە''
پزیشکانی ئەمریکا دەڵێن، نەخۆشییەکە چارەسەری هەیە و بڵاوبوونەوەی وەکو کۆرۆنا ئەستەمە.
د. گلین وۆرتمان، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی مێستار واشنتن دەڵێت "ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەم بەکتریایە لە رووسیا و دواتر گەیشتنی بۆ ئەمریکا روونادات، چونکە بە ئاسانی بڵاونابێتەوە و ئێمە دژەبەکتریامان هەیە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی''.
ئەم تاعونەی بە مەترسی دادەنرێت دەبێتە هۆی هەوکردنی تووندی سییەکان، لەڕێگەی هەڵمژینی هەناسە و بەرکەوتن بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە. ئەگەریش چارەسەر نەکرێت، لەماوەی سێ رۆژدا تووشبوو دەمرێت.
لە ساڵی 1910 بڵاو بووەوە و 60 هەزار کەسی کوشت، ئەگەریش هەیە مێژوو دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئەو کات چارەسەری نەبوو، ئێستا هەیەتی.
ئەمەی خوارەوە ئەو کچە توێژەرەیە کە شووشەیەکی پڕ لە بەکتریای تاعوونی بەدەستەوە کەوت و شکا، دواتر خۆی تووشی هەوکردنێکی تووندی سییەکانی بوو و گیانی لەدەستدا. (هەرچەندە هیچ راگەیێنراوێکی فەرمی نییە کە دەریبخات، ئەو بە تاعون مردووە).



.png&w=3840&q=75)
