رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، خوێندکارانی بۆردی کوردستانی و عێراقی مەشق لەسەر کەلـلەی سەری مرۆڤ دەکەن ئەمەش لە ئەمریکاوە هێندراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 5-10-2026 د. نووڕجیهان عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر رایگەیاند، ئەوانە تایبەتن بە مەشقی خوێندکارانی پسپۆڕیی قوڕگ، لووت و گوێ لە بۆردی کوردستانی و عێراقی.
پڕۆفیسۆر د. عەبدولخالق ئەمین، سەرۆکی کۆمەڵەی نەشتەرگەرانی قوڕگ، لووت و گوێ بە رووداوی راگەیاند، ئەمە نزیکەی 10 ساڵە تاقیگەی تایبەت بە توێکاریی کەلـلەی سەری مرۆڤ بۆ خوێندکارانی بۆرد دانراوە تاوەکو لەسەر خانە و شانەی راستەقینەی مرۆڤ فێرببن.
پڕۆفیسۆر د. عەبدولخالق ئەمین دەڵێت: دابینکردنی کەلـلەسەری کەسی مردوو کارێکی ئاسان نییە و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە توانرا دابینبکەین و ئامانجیش ئەوەیە، نەوەی داهاتوو ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو فێری نەشتەرگەرییەکانی پسپۆڕییەکە بکرێن.
ئێستا نزیکەی 20 خوێندکار لەو راهێنانە دەخوێنن و د. مۆفەق کە لە ئەمریکاوە سەرپەرشتیی کارەکەی کردووە و هاتووەتە نێو نەخۆشخانەکە دەڵێت: ئەمە بۆ ئامادەکردنی مەشقی راهێنانی نەشتەرگەریی پزیشکییە بۆ پیشەیی داهاتوو بۆ بە شارەزایبوونی نەشتەرگەری و شارەزایبوون لە خولی توێکاری.

