رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کۆلۆرادۆ، دەریخستووە پچڕاندنی ماوەی دانیشتنی درێژخایەن بە پیاسە، رەنگە سوودێکی زۆری بۆ رێکخستنی ئاستی شەکری خوێن هەبێت.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری (Obesity) بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسانەی بە درێژایی رۆژ پیاسەیان کردووە، ئاستی شەکری خوێنیان بۆ ماوەیەکی زیاتر لەنێو مەودای ئاساییدا ماوەتەوە و کەمتر تووشی بەرزبوونەوە و دابەزاندنی شەکر بوون.
دانیشتنی درێژخایەن، یەکێکە لە هۆکارەکانی تێکچوونی رێکخستنی ئاستی شەکر لە خوێندا و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو. چالاکیی جەستەیی بەتایبەت پیاسە، بە چارەسەرێکی سەرەکی دادەنرێت، چونکە وا لە ماسوولکەکان دەکات شەکر لە خوێن وەربگرن و وزەی لێ بەرهەمبهێنن.
د. ئۆدری بێرگوینان، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، دەڵێت، "پەیامە سەرەکییەکە ئەوەیە کاتێک باس لە رێکخستنی شەکری خوێن دەکرێت، چۆنیەتیی دابەشکردنی چالاکیی جەستەیی بە درێژایی رۆژ، رەنگە هێندەی بڕی ئەو چالاکییەی ئەنجامی دەدەین گرنگ بێت''.



