رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی پزیشکیی ستۆنی برووک لە ئەمریکا، بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لە درەنگانی شەودا پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە کەمخەوی و تێکچوونی خشتەی خەوی نەوجەوانانەوە هەیە، ئەم کاریگەرییەش لەنێو کچاندا زیاتر دەردەکەوێت.
توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری (Journal of Adolescent Health) بڵاوکراوەتەوە، بۆی دەرکەوتووە ئەو نەوجەوانانەی کاتی زیاتر لەسەر مۆبایلەکانیان بەسەر دەبەن، درەنگتر دەخەون، کاژێری کەمتر پشوو وەردەگرن و خەویان ناڕێک دەبێت.
توێژەران، لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی تایبەتەوە چاودێریی بەکارهێنانی مۆبایلی 218 نەوجەوانیان کردووە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەوجەوانان پێویستیان بە 9 بۆ 10 کاژێر خەو هەیە لە شەوێکدا، چونکە خەوی پێویست بۆ گەشەی مێشک و جەستە، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و پاراستنی دەروونییان زۆر گرنگە.
توێژەران پێشنیازی دەکەن، لەبری کەمکردنەوەی گشتیی کاتی بەکارهێنانی شاشە، پێویستە گرنگی بە سنووردارکردنی بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتەکانی نزیک خەوتن و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بدرێت، بەتایبەتی بۆ کچان کە زیاتر لەژێر کاریگەریدان.



