رووداو - تەندروستی
خەڵاتی نۆبڵ لە بواری پزیشکی و فیسیۆلۆژی بەخشرایە سێ زانا لەبارەی تێگەیشتنێکی نوێ بۆ درککردن بە فەرمانەکانی مێشک و خانەدەمارییەکان.
ئەمڕۆ 5ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە پەیمانگەی کارۆلینسکا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد لەلایەن دامەزراوەی نۆبڵەوە 'خەڵاتی نۆبڵ' لە پزیشکی یان فیسیۆلۆژی راگەیێندرا و بەخشرایە هەر سێ زانا (کارڵ دایسەرۆس، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار- پیتەر هێگمان و جۆرج نەیگڵ، پسپۆڕانی بایۆفیزیک) لە بواری ئۆپتۆجینێتیک پێبەخشرا.
توێژینەوەکەیان یارمەتیی زانایانی داوە زیاتر لەبارەی شێوازی کارکردنی مێشکەوە فێربن، بۆ ئەوەی باشتر لە چۆنیەتیی کارکردنی تێبگەن.
لیژنەی نۆبڵ، ستایشی ئەو سێ کەسەی کرد بۆ دانانی بناخەی سەردەمێکی نوێ لە زانستی دەمار و ئاشکراکردنی ئەو سووڕە دەمارییانەی لەپشت "یادەوەری، هەست و رەفتارە تایبەتەکانەوەن کە پەیوەندییان بە نەخۆشییە دەماری و دەروونییەکانەوە هەیە''، چونکە ئەو داهێنانەیان رێگە دەبێت بۆ دۆزینەوەی گەڕانەوەی بینایی و کێشەکانی بینین.
براوەکان رایانگەیاند، "بە تەواوی کارێکی نایابە" کە خەڵاتەکەیان وەرگرتووە و شانازییەکی گەورەیە کە ئەو رێزلێنانە لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بەشدەکەن. ئەو سێ پیاوە خەڵاتە 900,000 پاوەند (12 ملیۆن کرۆنی سوێدی)ـیەکەش لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن کە دەکاتە 1.19 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
بڕیارە رۆژی 10ـی کانوونی یەکەم (لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵ، دامەزرێنەری خەڵاتەکە)، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە شاری ستۆکهۆڵم، لەلایەن کارل گوستاڤی شازدەیەم، پاشای سوێدەوە خەڵاتەکان پێشکێش بە براوەکان بکرێن.
تەکنیکی ئۆپتۆجینێتیک چییە؟
تەکنیکێکە بۆ نەخشەکێشانی مێشک و چاودێریکردنی دەمارەخانە وردەکان بۆ زانینی فرمانەکانیان و تێکچوونە دەمارییەکان کە پێشتر، کارە ناوەکییەکانی پشت هەستەکان، رەفتارەکان و فرمانەکانی جەستە بۆ زانایان زیاتر وەک نهێنییەک بوون، بەڵام ئێستا ئەم تەکنیکە ئەوەی ئاشکرا کردووە.
ئۆپتۆجینێتیک رێگەیەکە بۆ رووناککردنەوەی رێڕەوەکانی مێشک، بە بەکارهێنانی پرۆتینێکی تایبەت کە لە قەوزە وەرگیراوە و زانایان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکیی کارەبایی خانەکان بە بەکارهێنانی رووناکی بەکاریدەهێنن.
لە سەرەتای ساڵانی 2000ـدا، سێ براوەکەی خەڵاتی نۆبڵی ئەم ساڵ بۆ پزیشكی و فیسیۆلۆژی دۆزیانەوە و لەو کاتەوە توێژەران توانیویانە لێکۆڵینەوە لەسەر خانە دەمارییەکان و رێڕەوەکان بکەن بۆ ئەوەی زۆر زیاتر لەبارەی کارەکانیانەوە ببینن و بدۆزنەوە.



