رووداو - تەندروستی
د. دێنیس سۆکۆلۆڤ، پسپۆڕی دڵ ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک دژەبەکتریا لە جۆری ماکرۆلایدەکان، وەک ئەزیترۆمایسین و کلاریترۆمایسین، رەنگە کاریگەرییان لەسەر چالاکیی کارەباییەکانی دڵ هەبێت.
د. دێنیس سۆکۆلۆڤ، دەڵێت: "با بیهێنینە بەرچاوی خۆمان کە چی روودەدات ئەگەر نەخۆشێک خۆی کێشەی تێکچوونی لێدانی دڵی هەبێت، پاشان دەست بکات بە خواردنی ئەو ئەزیترۆمایسین و کلاریترۆمایسین، هەندێک دژەبەکتریا رەنگە کاریگەرییان لەسەر چالاکییە کارەباییەکانی دڵ هەبێت، بۆیە زۆر گرنگە دڵنیابینەوە لە گونجانیان لەگەڵ دەرمانەکانی دیکە، هەروەها نابێت دژەبەکتریاکان بەبێ راوێژی پزیشک بخورێن".
بەگوتەی ئەو پزیشکە، ئەم دەرمانانە رەنگە ببنە هۆی وەستاندنی کەناڵەکانی پۆتاسیۆم لە خانەکانی دڵدا، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی دووبارە جەمسەرگیری دەکات و ماوەی QT لە هێڵکاریی کارەبایی دڵدا درێژ دەکاتەوە، ماوەی QT بریتییە لە ماوەی نێوان سەرەتای شەپۆلی Q و کۆتایی شەپۆلی T، هەروەها رەنگدانەوەی کاتی لابردنی جەمسەرگیری و دووبارە جەمسەرگیریی کارەبایی سکۆڵەکانی دڵە، درێژبوونەوەی ئەم ماوەیە رەنگە مەترسیی تووشبوون بە تێکچوونی لێدانی دڵ زیاد بکات.
سۆکۆلۆڤ دەڵێت: "مەترسیی تووشبوون بە کێشەکانی دڵ زیاد دەکات ئەگەر کەسەکە دەرمانی دیکەش لەگەڵ دژەبەکتریاکەدا بەکاربهێنێت، کە رەنگە ئەوانیش کاریگەرییان لەسەر لێدانی دڵ هەبێت، وەک هەندێک لە دژەتێکچوونی لێدانی دڵ و دژەخەمۆکییەکان، لەم حاڵەتەدا دەکرێت هەندێکیان کاریگەریی هەندێکی دیکەیان بەهێزتر بکەن".


