د. ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ، رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕی ورد لە نەخۆشخانەکەیان، هەفتانە نزیکەی 25 بۆ 30 نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەکەن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ ئاماژەی بەوەشکرد، کە پسپۆڕی مێشک و دەمار و نەشتەرگەریی مێشک و دەماریان نییە و جەختی لەوە کردەوە کە "سێ بۆ چوار تەختی چاودێریی چڕ زۆر گرنگە بۆ قەڵادزێ." سەبارەت بە کێشەی ئامبوڵانس، د. ئازاد ئەحمەد گوتی، "ئێستا 5 ئامبوڵانس و 4 شۆفێرمان هەیە. بە خێرخوازی ئامبوڵانسێکمان بۆ کڕاوە، بەڵام شۆفێرمان نییە،" هەروەها گوتیشی کە ئامبوڵانسە کۆنەکانیان زوو زوو تێکدەچن.