رووداو - تەندروستی پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دەمار لە روسیا رایدەگەیێنێت کە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، جگەرەکێشان، چارەسەرکردنی گرفتەکانی کار و خواردنی ژەمێکی ئێوارەی چەور کاریگەریی نەرێنیان لەسەر کواڵیتی خەو هەیە. د. ليديا چیژیکۆڤا، دەڵێت: "ئەگەر ئەم خووە بەردەوام بێت، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆژی و لەدەستدانی شێوازی خەوی ئاسایی، هەروەها سەیرکردنی ناوەڕۆکی هەستبزوێن، وەک فیلمی وروژێنەر و ترسناک، کاریگەریی نەرێنی لەسەر خەو هەیە، چونکە ئەو رووناکییە شینەی لە شاشەکەوە دەردەچێت، بەرهەمهێنانی میلاتۆنین کە هۆرمۆنی بەرپرسە لە رێکخستنی خەو، کەمدەکاتەوە. یەکێکی دیکە لە هۆکارە زیانبەخشەکان، روودانی ناکۆکیی سۆزدارییە لە شەودا، چونکە کۆئەندامی دەمار دەکەوێتە حاڵەتێکی چالاکیی زۆرەوە و ناچێتە 'دۆخی خەوتن'ـەوە، چونکە مێشک ناتوانێت بە خێرایی بگوازێتەوە بۆ دۆخی پشوو". ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار گوتی، جگەرەکێشان پێش خەوتن کاریگەریی نەرێنی لەسەر کواڵیتیی خەو هەیە، چونکە نیکۆتین وەک هاندەرێک کاردەکات، کە لێدانی دڵ و پەستانی خوێن زیاد دەکات و کۆئەندامی دەمار دەوروژێنێت. د. ليديا چیژیکۆڤا ئاماژە بەوە دەکات کە خواردنی ژەمێکی چەور پێش خەوتن کاریگەریی نەرێنی لەسەر کواڵیتیی خەو هەیە و ئامۆژگاری دەکات بە خواردنی ژەمێکی سووک سێ بۆ چوار کاژێر پێش خەوتن.