رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی ژینگە لە هەولێر رایدەگەیێنێت، بارانی یەکەم و دووەم بریتییە لە پاککردنەوەی هەوا، ئەمەش تێکەڵەیەکە لە مادە زیانبەخشەکانی کارگە، موەلیدەکان و دووکەڵی ئۆتۆمبێل کە تێکەڵی بەرگەهەوا بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-10-2026 د. عەبدوڵڵا حەمەد، پسپۆڕی ژینگە بە رووداوی راگەیاند، بەشێک لە پاشماوەکانی کارگە و موەلیدەکان بۆیان هەیە شەش مانگ لەنێو بەرگەهەوادا بمێننەوە و کاتێکیش بارانێک دەبارێت، تێکەڵ بە خاک و ئاو ببنەوە، یاخود ئەگەر بەرکەوتن لەگەڵ بارانەکە هەبێت، ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە پێست.
د. عەبدوڵڵا حەمەد پێشنیاز دەکات، هاونیشتمانییان نەچنە بەر بارانی یەکەم و دووەمی پاییز، ئیدی دوای ئەو ماوەیە بەرگەهەوا دەشۆردرێتەوە و بارانەکان سەلامەتتر دەبن.
لەم بارەیەوە د. سەنا عەبدولباقی، پسپۆڕی ئاو و هەوا و مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ئەو مەترسییەی بەجۆرێک باس کرد کە تەنیا ئەو شوێنانەی نزیکن لە کارگەکان، بارانیان جێی مەترسییە و باشترە بەرکەوتنیان لەگەڵدا نەبێت.
د. سەنا عەبدولباقی ئەوەشی روون کردەوە، ئەو شوێنانەی کارگە و موەلیدەی لێیە یاخود هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تێدا زۆرە، بەرگەهەواکەیان گازی ژەهراویی ئۆکسیدی نایترۆجین و دووەم ئۆکسیدی کبریتیان تێدایە کە لەکاتی بارانباریندا دەشێت ترشەباران دروستبکەن.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی ژینگەیی ئەوەی رانەگەیاندووە کە ئەم ساڵ مەترسیی ترشەباران هەبێت، تەنیا پسپۆڕان ئەوە روون دەکەنەوە: ''باشترە هاونیشتمانییان خۆیان نەخەنە بەر بارانی یەکەم و دووەمی پاییز، چونکە پڕاوپڕە لە تێکەڵەی مادە و تەنۆلکە ژەهراوییە پیسکەرەکانی هەوا''.



.png&w=3840&q=75)