رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی، بە فەرمی مۆڵەتی بە بەکارهێنانی دەرمانی Juvmo دا، کە ناوە زانستییەکەی (تەڤاپادۆن) بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی پارکینسن.
د. رۆپال تەککار, جێگری سەرۆکی جێبەجێکار لە بەشی توێژینەوە و پەرەپێدان لە کۆمپانیای AbbVie دەریخستووە، ئەمە یەکەم پێشکەوتنی گەورەیە لە دەرمانەکانی ئەم بوارەدا لە چەند دەیەی رابردوودا. ئەم دەرمانە تایبەتە بەو کەسە پێگەیشتووانەی کە بە دەست نیشانە و کێشەکانی نەخۆشیی پارکینسنەوە دەناڵێنن. بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ـدا بکەوێتە بەردەست نەخۆشان لە ئەمریکا.
پڕۆفیسۆر د. هیووبێرت فرناندێز، سەرپەرشتیاری سەرەکیی تاقیکردنەوەکان رایگەیاند، تاقیکردنەوەکە لەسەر سەدان نەخۆش ئەنجامدرا و دەریخست کە دوای 85 هەفتە، 93٪ـی بەشداربووان پێویستیان بە زیادکردنی ژەمی دەرمانی سەرەکیی نەخۆشییەکەیان نەبووە و بەرگەگرتنێکی تەندروستیی بەرزیان بۆ دەرمانەکە هەبووە.
نەخۆشیی پارکینسن چییە؟
پارکینسن نەخۆشییەکی کۆئەندامی مێشک و دەمارە؛ کاردەکاتە سەر جووڵەی جەستە. دەمارەخانەکانی کەسی تووشبوو دەپووکێنەوە، بەهۆی ئەوەی ئاستی دۆپامین لە جەستەدا کەم دەبێتەوە یاخود نامێنێت، باوترین نیشانەشی هەرچەندە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت بەڵام بریتین لە 'پووکانەوە ماسوولکەکان، لەرزین، ناڕێکیی جووڵە، ناهاوسەنگیی جەستە، تێکچوونی بیرکردنەوە و تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
بە گوێرەی WHO، زیاتر لە 8.5 ملیۆن کەس لە جیهاندا نەخۆشیی پارکینسنیان هەیە.



