رووداو - تەندروستی
دوو توێژینەوەی نێوخۆیی لە هەولێر ئەنجامەکانیان ئاشکرا دەکرێن و دەردەکەوێت، زۆرینەی ئەوانەی تووشی جەڵتەی دڵ بوون، کەمخەو بوون و دڵەڕاوکێیان هەبووە.
توێژینەوەکان لەلایەن رێکخراوی ئەنگەشەوە کراون و دکتۆر بەنان قاسم، پزیشکی پایەبڵند و هاوسەرۆکی رێکخراوەکە بە رووداوی راگەیاند، لە یەکێک لە توێژینەوەکان رێکخراوەکە کە مێژووی 168 نەخۆشی جەڵتەی دڵ وەرگیراون لە سەنتەری دڵ لە هەولێر، دەرکەوت 80٪ـی تووشبووانی جەڵتە ئەوانەبوون کە شیرینییان خواردووە، 76٪ـیان کەمخەو بوون و 55٪ـی ئەوانەبوون کە خۆراکە خێراکان یاخود لەقوتوونراوەکانیان خواردووە.
د. شوان عوسمان، پسپۆڕی دڵ و قەستەرە سەرپەرشتیی گشتیی توێژینەوەکانی کردووە و ئاشکرا دەکات، شێوازی ژیانی ناتەندروست رۆڵێکی زۆری هەیە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
تووڕەبوون دەبێتە هۆی جەڵتە
توێژینەوەیەکی دیکەی هەمان رێکخراو ئاشکرای دەکات، تووڕەبوون و هەڵچوون ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ لەنێو خەڵکدا زیاد کردووە.
توێژینەوەکە لەسەر 84 نەخۆشی سەنتەری دڵ کراوە کە تووشی جەڵتە بوون و دەرکەوتووە؛ 52٪ـیان بەهۆی تووڕەبوون و هەڵچوونەوە تووشی بوون و 23٪ـیان بەهۆی دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەوە جەڵتە لێیانی داوە.
ئەمەش بزانە
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نەخۆشییەکان و جەڵتەی دڵ ساڵانە دەبنە هۆی 17 ملیۆن بۆ 20 ملیۆن گیانلەدەستدان لە جیهاندا، کە ئەمەش یەکسانە بە یەک مردن لەکۆی سێ مردن لە جیهاندا؛ سێیەکی ئەوانەی بەو نەخۆشییانە دەمرن، کەسانی خوار 70 ساڵان بوون و زۆرترین قوربانیش لە وڵاتانی کەمداهات و هەژارنشینەکانن.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، نزیکەی 27٪ بۆ 30٪ـی کۆی گشتیی مردنەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوەیە.



