رووداو – تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەریدەخات، نزیکەی سێ لەسەر چواری خەڵک هەستی شەکەتی و بێهێزی دەکەن و ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی لەسەر کار و ژیانی رۆژانەیان دروست کردووە.
دامەزراوە ئەمریکییەکە دەریخستووە، شیکاریان لەسەر نزیکەی 27 هەزار کەس ئەنجام داوە کە 71٪ـی خەڵک لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هەستیان بە ماندووبوونی زۆر کردووە. 1 لە هەر 6 کەسێک بە شێوەیەکی بەردەوام هەستی بە شەکەتی کردووە.
بەپێی ئەنجامەکان، خانمان و گەنجان زیاتر لە پیاوان و کەسانی بەساڵاچوو تووشی ئەم دۆخە دەبن. جگە لەوەش، سێیەکی ئەو کەسانەی شەکەتیی بەردەوامیان هەیە، دۆخەکەیان کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەنجامدانی کارەکانیان هەبووە.
بەگوێرەی پزیشکانی ناوەندەکە، شەکەتیی بەردەوام هۆکاری جەستەیی و دەروونی هەیە، کە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لەخۆدەگرێت. بۆ چارەسەرکردنی، رێنمایی کرا بە رێکخستنی کاتی خەو، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی شاشە و پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروست وەک وەرزشکردن.
جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی پشکنینی خوێن لە حاڵەتی بەردەوامبوونی شەکەتییەکە بۆ ماوەیەکی درێژ، بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی کەمیی ئاسن یان ڤیتامینەکان.



