رووداو - تەندروستی
توێژەران، دوای 70 ساڵ لە بەکارهێنانی دەرمانێکی شێرپەنجەی خوێن، میکانیزمێکی نوێی کارکردنی دەرمانەکەیان دۆزیوەتەوە کە پێشتر نەزانرابوو. دەرکەوتووە لابردنی پرۆتینێک بەناوی NUDT5 خانەکان لە دەرمانەکە دەپارێزێت، ئەمەش دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە تێگەیشتن لەوەی بۆچی هەندێک نەخۆش وەڵامی جیاوازیان بۆ چارەسەرەکە هەیە.
توێژینەوەکە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی CeMM بۆ پزیشکیی گەردیلەیی سەر بە ئەکادیمیای زانستی نەمسا لە ڤیەننای پایتەختی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە.
د. ستیفان کوبیچێک، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە لە سەنتەری CeMM دەڵێت، "ئەنجامەکانمان دەریدەخەن کە پرۆتینەکان دەکرێت کاری بایۆلۆژیی گرنگیان هەبێت کە پەیوەندی بە چالاکیی ئەنزیمییانەوە نییە. بە لابردنی پرۆتینی NUDT5 لەجیاتی تەنیا رێگریکردن لێی، توانیمان چینێکی شاراوەی بایۆلۆژی بدۆزینەوە کە یارمەتیدەرە لە دیاریکردنی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی خانەکان بۆ دەرمانێکی گرنگی کلینیکی."
بۆ ماوەی زیاتر لە 70 ساڵە، پزیشکان دەرمانی 6-thioguanine (6-TG) بۆ چارەسەری شێرپەنجەی خوێن (لۆکیمیا) بەکاردەهێنن. کاریگەرییەکانی لەسەر نەخۆشەکان بە باشی تۆمار کراوە، بەڵام توێژەران هێشتا لە وردەکارییە گەردیلەییەکان دەکۆڵنەوە بۆ ئەوەی بزانن بۆچی هەندێک خانە بەهۆی دەرمانەکەوە لەناودەچن و هەندێکی دیکە بەرگەی دەگرن.
توێژینەوە نوێیەکە هۆکارێکی چاوەڕواننەکراوی لە وەڵامدانەوەی خانەکاندا دۆزیوەتەوە، ئەویش پرۆتینێکە بەناوی NUDT5. پێشتر وا بیردەکرایەوە کە کاریگەریی ئەم پرۆتینە لەسەر دەرمانەکە پەیوەستە بە چالاکییە ئەنزیمییەکەیەوە، بەڵام دەرکەوت کە رێگریکردن لە چالاکیی ئەنزیمەکە کاریگەرییەکی کەمی هەبووە. ئەوەی گرنگ بوو، بوون یان نەبوونی پرۆتینەکە خۆی بوو.
کاتێک توێژەران بە تەواوی پرۆتینی NUDT5ـیان لە خانەکاندا لابرد، بینییان کە خانەکان پارێزراو دەبن لە کاریگەرییە ژەهراوییەکەی دەرمانی 6-TG. ئەم دۆزینەوەیە دەریدەخات کە بوونی پرۆتینەکە رۆڵێکی شاراوەی هەیە لە دیاریکردنی وەڵامدانەوەی خانەکان بۆ چارەسەرەکە.


