رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA)، رەزامەندی لەسەر دوو پشکنینی نوێی خوێن دا کە یارمەتیدەرن بۆ دەستنیشانکردنی زووتری نەخۆشیی ئەڵزهایمەر.
یەکێک لە پشکنینە نوێیەکان بە ناوی (Elecsys pTau217)ـە و لەلایەن کۆمپانیای Roche بەرهەمهێنراوە، بۆ ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان لە 55 ساڵ زیاترە و نیشانەکانی دابەزینی ئاستی ژیرییان هەیە.
پشکنینی دووەمیش ناوی (PrecivityAD2)ـە و لەلایەن کۆمپانیای C2N Diagnostics بەرهەمهێنراوە، ئەمەیان بۆ ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان لە 40 ساڵییەوە دەستپێدەکات و نیشانە سەرەتاییەکانی لەبیرچوونەوەیان تێدا دەردەکەوێت.
هەردوو پشکنینەکە بۆ دۆزینەوەی پرۆتینی ئەمایلۆیدن لە مێشکدا، کە یەکێکە لە نیشانە بایۆلۆژییەکانی ئەڵزهایمەر.
پسپۆڕان لە دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی جەختدەکەنەوە کە ئەنجامی ئەم پشکنینانە بە تەنیا بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر نین، بەڵکو دەبێت لەلایەن پزیشکەوە لەگەڵ نیشانەکانی دیکە و مێژووی تەندروستیی نەخۆشەکە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.
ئێستا ژمارەی پشکنینەکانی خوێن کە رەزامەندیی FDA یان وەرگرتووە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە گەیشتە 4 جۆر.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەلزەهایمەر باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیە کە خانەکانی مێشک دەپووکێنەوە و لاوازدەبن، بەمەش چەند نیشانەیەک بە کورتخایەن و درێژخایەنی دەردەکەون.
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر کەم دەکەنەوە؛
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن
- راهێنانی مێشک
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
نیشانەکانی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر؛
- بیرچوونەوەی زانیاری و رووداوەکان
- تێکچوونی هاوسەنگیی رۆیشتن
- قورسی لە گێڕانەوەی رووداوەکان
- گۆڕانکاری لە رەفتارەکان
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
- لاوازیی بڕیاردان
- پەیوەستنەبوون بە کات
- بەجێهێشتنی کەلوپەلەکان
- دانانی کەلوپەل لە شوێنی نەگونجاو
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر زیاد دەکەن؛
- قەڵەوی
- لاوازیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
- بەساڵداچوون
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- نەخۆشیی شەکرە
- بەرزەپەستانی خوێن
- خواردنەوەی کحول
- گوشاری دەروونی


