رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی پێنسیلڤانیا رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا 55 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە سوورێژە لە ویلایەتەکە تۆمارکراون.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 890 حاڵەتی تووشبوون بە سوورێژە لە 39 پارێزگای ویلایەتەکە پشتڕاستکراونەتەوە، هەروەها بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بووەتە هۆی خەواندنی 173 کەس لە نەخۆشخانە و گیانلەدەستدانی چوار کەسی دیکە.
بەرپرسانی تەندروستیی ویلایەتەکە دەڵێن، کەمتر لە 1%ـی حاڵەتە تۆمارکراوەکان لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە ڤاکسینی سوورێژەیان وەرگرتووە، بەپێی ئامارەکان 31%ـی تووشبووان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە.
جگە لە راگەیاندنی 55 حاڵەتە نوێیەکە، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە کە "بە شێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ دانیشتووان، رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و پێشکێشکارانی خزمەتگوزاریی تەندروستی کاردەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی سوورێژە، لە رێگەی پێدانی زانیاریی دروست و دابینکردنی ڤاکسینی سیانی (MMR)".
پارێزگای لانکاستەر لە پێنسیلڤانیا زۆرترین ژمارەی تووشبووانی تێدا تۆمارکراوە کە ئەمساڵ گەیشتووەتە 359 حاڵەت.
بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، لە کۆتایی مانگی نیسانەوە کە نەخۆشییەکە بڵاوبووەتەوە، "زیاتر لە 5,300 ژەمی ڤاکسینی سێیانی (MMR) لە 165 کلینیکی کاتی لە کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان دابینکراون".


