رووداو - تەندروستی
لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی پزیشکانی دانەمەزراوی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەتەوە و داوای دامەزراندن دەکەن، نوێنەرێکیان دەڵێت، بەڵێنەکان تەنیا سەرزارەکین و هیچ کارێکی فەرمی نەکراوە بۆ دامەزراندنیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-9-2026 دکتۆر جوانڕۆ ئاکۆ نوێنەرێکی ئەو پزیشکانەیە و لەنێو خۆپێشاندەرەکانەوە گوتی: زیاتر لە ساڵێک و دوو مانگە لە زانکۆ دەرچووین و هیچ هەواڵێکی دامەزراندنیشمان نییە.
ئەو پزیشکانە دەڵێن، ئێستا بەهۆی دانەمەزراندنیانەوە بەرزکردنەوەی پلەبەندیی پزیشکیش وەستاوە و هیچ پزیشکێک نییە جێگەی پزیشکان بگرێتەوە.
ئەمەش بزانە
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ لە هەرێمی کوردستان بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی 2024، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە و دەرچوون کە هەموویان دوای ساڵێک دامەزران؛ ساڵی رابردووش 663 پزیشک دەرچوون و تائێستا هیچیان دانەمەزراون.
روونکردنەوە؛ هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵند. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان بگۆڕێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2025 دانەمەزراون، ئەوا پزیشکانی خولاو ناتوانن پلەیان بەرز بکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2025 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 161 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 232 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 93 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 35 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 39 پزیشک
- زانکۆی گەرمیان؛ 22 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 62 پزیشک
ئەم ساڵ بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس بە ئامادەبوونی زۆرترین پزیشکی گشتیی دانەمەزراو کرا و تێیدا بەرپرسانی نزیک لە پرسی دامەزراندنیان بەشداربوون



