رووداو - تەندروستی
هەوکردنە دەگمەنەکان لەماوەی دووگیانیدا دەتوانن کاریگەری لەسەر کۆرپەلە هەبێت. ئەمەش بەپێی گۆڤاری پزیشکیی جاما کە دەڵێت، هەرچەندە زۆربەی هەوکردنە ئاساییەکان ناگەنە کۆرپەلە، بەڵام جۆرە دەگمەنەکانیان مەترسیی وەچەخستنەوەی منداڵی ئۆتیزم و تێکچوونە هزرییەکانی دیکە لە داهاتوودا زیاد دەکەن.
تیمی زانکۆی کارۆلینسکا لە سوێد، پشکنینیان بۆ تۆماری تەندروستی و خوێندنی 3.7 ملیۆن کەس کردووە لە نێوان ساڵانی 1987 بۆ 2021 لە سوێد لەدایکبوون و بۆماوەی سێ دەیەی بەدواداچوونیان بۆ کراوە.
رێنێ گاردنەر، توێژەر لە بەشی تەندروستیی گشتی لە زانکۆی کارۆلینسکا دەڵێت "هەرچەندە گواستنەوەی ئەم هەوکردنانە لە دایکەوە بۆ منداڵ دەگمەنە، بەڵام بۆ ئەو منداڵانەی تووش دەبن، مەترسییەکی زۆر روون بۆ ئۆتیزم و کەمئەندامیی هۆشی دەردەکەوێت".
کۆمەڵێک ڤایرۆس و بەکتریا هۆکاری هەوکردنن و دەتوانن لەکاتی دوگیانیدا لە دایکەوە بگەنە کۆرپەلە وەک؛
- سايتۆمێگالۆڤایرۆس
- Rubella (سوورێژەی ئەڵمانی)
- تۆکسۆپلاسما (نەخۆشیی پشیلە)
- ڤایرۆسی هێرپیس
توێژەران رێنوێنی دەدان، پشکنین و کوتان، یارمەتیدەرن بۆ رێگریکردن لە هەوکردنی دەگمەن کە دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی و دەروونیی درێژخایەن بۆ منداڵ لە داهاتوودا.



