رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریخستووە، گوشاری دەروونیی درێژخایەن بە شێوەیەکی بێدەنگ زیان بە پێکهاتەی دڵ دەگەیێنێت و تەندروستییەکەی دەخاتە مەترسییەوە. ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک بە رێژەی 43٪ بەرز دەکاتەوە، تەنانەت ساڵانێک پێش دەرکەوتنی نیشانەکانیش.
پڕۆفیسۆر د. دێکلان ۆریگان، سەرۆکی بەشی ژیریی دەستکردی دڵ لە دامەزراوەی بەریتانی دڵ لە کۆلێژی ئیمپریال ئاماژە دەدات، هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و دەرووندروستی، هاوشێوەی جگەرەکێشان و کەمجووڵەیی، بەشێوەیەکی بەرچاو پەیوەندییان بە هەوکردن و زیانگەیاندن بە دڵەوە هەیە. هەروەها، رەنگە ملیۆنان کەس بێ ئەوەی ئاگادار بن، تووشی ئەم هەوکردنە شاراوەیە ببن کە وردەوردە زیان بە دڵیان دەگەیێنێت.
توێژەران رێنوێنیی دەدەن کە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست گرنگە بۆ پاراستنی دڵ وەکو؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە.
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش.
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە.
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون.



