رووداو - تەندروستی
لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵەی نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلەی کوردستان پێکهێنرا و لقی سەرەکییان لە شاری هەولێرە، سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت، ''ساڵانە تووشبووانی نەخۆشیی گورچیلەکان زیاد دەکات و وردبوونەوە لە پزیشکی پسپۆڕی بوارەکە پڕبایەخە''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-9-2026 د. مەجید شێخانی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی گورچیلە و سەرۆکی کۆمەڵەی نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلەی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هەر ئەمڕۆ کۆمەڵەکە دروستبوو و ئامانجی سەرەکیش باشترکردنی کواڵیتیی پسپۆڕییەکانی گورچیلەیە بۆ خزمەتی زیاتری نەخۆشانی هەرێمی کوردستان.
د. مەجید شێخانی دەڵێت: ساڵانە تووشبووانی نەخۆشیی گورچیلەکان روو لە زیادبوونە و دانانی کۆمەڵەیەک بۆ یەکخستنەوەی پزیشکانی بوارەکە و چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی بەردەم چارەسەری و مامەڵەکردن و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلە بۆ ئێستا پڕبایەخە.
کۆمەڵەکە روونی دەکاتەوە، لە هەرێمی کوردستان 31 پسپۆڕی نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلە هەن؛ 15 لە هەولێر، 10 لە سلێمانی و 6 لە دهۆک.
بەگوتەی د. مەجید شێخانی، کۆمەڵەکە دەبێتە پردێک بۆ داواکاری و رێنوێنییەکانی پزیشکانی پسپۆڕی گورچیلە لە وەزارەتی تەندروستی تاوەکو کێشەکان چارەسەر بکرێن و باشترین چارەسەر پێشکێش بە نەخۆش بکرێت.
ئەمڕۆ بە فەرمانێکی وزاری کە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ واژۆی لەسەر کردووە، کۆمەڵەکە راگەیێنرا و رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی درا.

.png&w=3840&q=75)
