رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن خانمانی دووگیاندا چەندین مەترسیی تەندروستی لێدەکەوێتەوە.
توێژینەوەکە لە کۆلێژی تەندروستیی گشتیی زانکۆی کۆڵۆمبیاوە ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە؛ بەکارهێنانی زۆر و درێژخایەنی مۆبایل لەلایەن خانمانی دووگیانەوە، رەنگە پەیوەندی بە چەندین مەترسیی تەندروستییەوە هەبێت بۆ کۆرپەلە، بەتایبەتی ناتەواوییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن و کورتبوونی ماوەی دووگیانی.
زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات، زۆرجار بەکارهێنانی زۆری مۆبایل بە واتای جووڵەی کەمتر دێت، کە خۆی لە خۆیدا هۆکارێکی مەترسییە بۆ کەمبوونەوەی کێشی منداڵ و بەرزەپەستانی خوێن لەکاتی دووگیانیدا.
د. نۆرمان کلاینمان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "پەرەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیای مۆبایل و زیادبوونی ماوەی بەکارهێنانی، نیگەرانییەکانی لەبارەی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی لەکاتی دووگیانیدا زیادکردووە''.
رێنوێنییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی دووگیانیدا:
- بەکارهێنانی بڵندگۆ (speaker) یان هێدفۆنی وایەردار لەکاتی قسەکردندا.
- دوورخستنەوەی مۆبایل لە ناوچەی سک.
- دانانی مۆبایل لەسەر دۆخی فڕۆکە (airplane mode) کاتێک بەکارناهێنرێت.

.png&w=3840&q=75)
