رووداو - تەندروستی
ئامێرێکی نوێ کە لەنێو مێشکدا دەچێندرێت و ئەوەندەی دەرزییەک باریکە، دەتوانێت چالاکیی دەماری تۆمار بکات، دەرمان بە مێشك بگەیێنێت و چەندین ناوچەی مێشک لە یەک کاتدا هان بدات.
زانکۆی کۆپنهاگن و کۆلێژی زانکۆی لەندەن، ئامێرێکی نوێی چاندنی ناو مێشکیان دروستکردووە کە ئەوەندەی دەرزییەک باریکە و کەناڵی مایکرۆسکۆپی لەخۆدەگرێت.
ئامێرەکە کە بە "مایکرۆفلۆیدیک ئاکسیالترۆد" (mAxialtrode) ناسراوە، بۆ ئەوە دروستکراوە کە چەندین خاڵی کارا لە درێژایی ئامێرەکەدا دابین بکات. ئەمەش رێگە بە توێژەران دەدات چالاکیی دەماری تۆمار بکەن و دەرمان بگەیێننە شوێنی دیاریکراو لە بەشە جیاوازەکانی مێشکدا.
د. کونیانگ سوی، ئامێرەکەی لەگەڵ پڕۆفیسۆر د. کریستۆس مارکۆس پەرەپێداوە و دەڵێت، یەکێک لە سوودە سەرەکییەکانی ئەوەیە کە چەندین توانا لەنێو یەک ئامێری چاندندا کۆکراونەتەوە.
دەشڵێت، "زۆربەی ئامێرەکانی چاندنی ئێستای مێشک لەسەر بنەمای کەرەستەی رەق وەک سیلیکۆن دروستکراون، کە دەتوانن مێشک بوروژێنن و کاردانەوەی هەوکردن لە شانەکاندا دروستبکەن. ئامێرە نوێیەکە جیاوازە، چونکە لە ریشاڵی رووناکیی نەرم و پلاستیکی دروستکراوە و سەرێکی لارکراوی تایبەتی هەیە کە بچووکتری دەکاتەوە و ئەو زیانە کەمدەکاتەوە کە لە کاتی دانانیدا لە مێشکدا دروستدەبێت''.
تاقیکردنەوە سەرکەوتووەکان ئەوە دەردەخەن، رەنگە رێگەیەکی وردتر و کەمتر زیانبەخش بە زانایان ببەخشێت بۆ لێکۆڵینەوە لە مێشک و لەوانەیە لە داهاتوودا یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەمارییەکانی وەک فێ.



