رووداو - تەندروستی
تاقیکردنەوە تاقیگەییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، مادەیەکی کیمیایی بۆنخۆشکەر کە بە خەستیی بەرز و بەڕێژەیەکی زۆر لە ڤەیپەکاندا بەکاردێت، رەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی گەشەی ئاسایی کۆرپەلە لای ئەو خانمە دووگیانانەی ڤەیپ دەکێشن.
توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا کاریان لەسەر مادەی ڤانیلینی نێو ڤەیپەکان کردووە و دەڵێن، پێکهاتەی کیمیایی ئەو مادەیە گەشەی خانە دەماری و بنەڕەتییەکانی کۆرپەلەی تێکداوە و ئەمەش ئەگەری لەبارچوونی کۆرپەلە زیاد دەکات.
د. برو تالبۆت، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە زانکۆی کالیفۆرنیا رایگەیاند "ئەم گۆڕانکارییانە رەنگە زۆر مەترسیدار بن و دەکرێت رێگری لە گەشەی ئاسایی کۆرپەلەکان بکەن، بەمەش خانمانی دووگیان بە بێ ئاگایی ڤەیپ بەکاردەهێنن، بەڵام نازانن گەورەترین مەترسییان لەسەر دروستدەکات''.
بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکی و تەندروستییە جیهانییەکان دەکرێت ڤەیپ ئەم کاریگەرییانەی هەبێت؛
- زیادبوونی خوێنبەربوونی پووک و زەردبوونی ددانەکان
- هێلکەدانەکان و شێوەی سپێرم تێکدەدات و هۆکارێکە بۆ نەزۆکی
- کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی
- تێکچوونی سووڕی مانگانە و ئاستی هۆرمۆنەکان
- لەبیرچوونەوە لەنێو گەنجاندا زیاددەکات
- بەرزەپەستانی خوێن و گرژبوونی ماسوولکەکان
- شێرپەنجە
- کەمبوونەوەی درەوشانەوەی پێست و زیادبوونی چرچولۆچی؛ خوێن کەمتر دەڕوات بەرەو پێست
- هەڵوەرینی قژ؛ لوولە وردەکانی خوێن لە سەر و سەلکی مووەکان تەسک دەبنەوە
.png&w=3840&q=75)


