رووداو - تەندروستی
د. شێروان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی: ژەهراویبوونی خۆراک لەو کاتەدا پێناسە دەکرێت کە کۆمەڵێک کەس ژەهراوی ببن و نیشانەیان هەبێت، بەتایبەت تێکچوونی مایۆنیز و گۆشت.
د. شێروان عەبدوڵڵا روونی دەکاتەوە، بەکتریا و ڤایرۆسەکان باوترین هۆکاری ژەهراویبوونن دەکرێت لەنێو خۆراکەکەدا هەبن و مرۆڤ لەڕێگەی خواردنیانەوە تووشیان ببێت، بەتایبەتیش لە کەشە گەرمەکاندا بۆ ژەهراویبوون بە بەکتریا و لە کەشە ساردەکاندا بۆ ژەهراویبوون بە ڤایرۆس.
لەنێو ماڵدا ئەو خۆراکانەی هەڵدەگیرێن و دووبارە گەرم دەکرێنەوە زۆرترین ئەگەری ژەهراویبوونیان هەیە بەتایبەت برنج. هەروەها ئەگەر کەسێک تووشی ژەهراویبوون بوو، باشترە خۆی بپارێزێت لە کەلوپەلە تێکەڵەکانی لەگەڵ ئەندامانی ماڵباتەکەی، پاشانیش ئاو و شلەمەنیی زۆر بخواتەوە.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە 866 ملیۆن کەس بە ژەهراویبوون بە خۆراک و خواردنەوەوە تووشی نەخۆشی دەبن و لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و 500 هەزاریان گیان لەدەستدەدەن.
رێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە گرووپی مەترسیدار بۆ ژەهراویبوونی خۆراک، منداڵانی خوار پێنج ساڵانن کە 30٪ـی گیانلەدەستدانەکان پێکدەهێنن و بەشێکی زۆریشیان لە وڵاتانی کەمداهاتن.
باوترین هۆکارەکانی ژەهراویبوون بە خۆراک و خواردنەوە
- بەکتریاکانی سالمۆنێلا، ئیکۆلای، لیستێریا، بڕوسێللا و بەکتریای گەدە
- ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر A,E، ئینتیرۆڤایرۆس، نۆڕۆڤایرۆس، رۆتاڤایرۆس و هانتاڤایرۆس
- مشەخۆر وەکو جیاردیا، تۆکسۆپلاسما و هێلکەی کرمەکان.
خۆپاراستن لە ژەهراویبوون
- شووشتنی دەستەکان.
- شووشتنەوەی سەوزە و میوەکان.
- نەخواردنی گۆشتی کاڵ.
- نەخواردنی خۆراکی خراپبوو.
- هەڵگرتنی خۆراک لەنێو ساردکەرەوە.
- پاکڕاگرتنی ساردکەرەوە و چێشتخانەکان.
- نەخواردنی خۆراکی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەکان بەتایبەت لە وەرزی هاوین.
- دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی سەریان دانەپۆشراوە.
نیشانەکانی ژەهراویبوون بە خۆراک (لە 24 کاژێر بۆ 48 کاژێر دوای خواردنەکە روودەدەن)
- سکچوونی ئاوی
- لاوازی و بێهێزی
- تا (هەندێکجار)
- سکئێشە و ئاوسانی سک
- رشانەوە و دڵتێکهەڵاتن
- وشکبوونەوەی جەستە
- سەرئێشە

