رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، هەندێک مادەی پارێزەری باو کە لە خۆراکە ئامادەکراوەکاندا هەن، رەنگە مەترسیی تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد بکەن.
توێژینەوەکە لەلایەن تیمێکی توێژینەوەی خۆراکی لە زانکۆی سۆربۆن پاریس نۆرد و زانکۆی پاریس سیتێ لە فەرەنسا ئەنجامدراوە.
د. ماتیلد تۆڤیێ، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگەی نیشتمانیی فەرەنسی بۆ تەندروستی و توێژینەوەی پزیشکی (INSERM) و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "ئەم دەرەنجامانە پشتگیری لە راسپاردەکان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی خواردنی خۆراکی ئامادەکراو و دوورکەوتنەوە لە مادە پارێزەرە ناپێویستەکان. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە روونکردنەوەی ئەم راسپاردانە بۆ خەڵک''.
توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری ئەورووپیی دڵ بڵاو کراوەتەوە، پشتی بە زانیاریی زیاتر لە 112 هەزار خۆبەخش لە فەرەنسا بەستووە. بەشداربووان بۆ ماوەی نزیکەی 7 بۆ 8 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کراوە.
دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر لە مادە پارێزەرەکان وەردەگرن، مەترسیی تووشبوونیان بە بەرزیی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ (وەک جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و ئانجاینا) زیاترە.
توێژەران هەشت ماددەی پارێزەریان دیاریکردووە کە پەیوەندییان بە مەترسیی زیاتری بەرزیی پەستانی خوێنەوە هەیە، لەوانە: سۆرباتی پۆتاسیۆم (E202)، نایترایتی سۆدیۆم (E250)، ترشی ئەسکۆربیک (E300)، ترشی سیتریک (E330) و گیراوەی رۆزماری (E392).


.png&w=3840&q=75)