رووداو - تەندروستی
بەرزەپەستانی خوێن تەنیا مەترسیدار نییە بۆ سەر دڵ، بەڵکو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیانگەیاندن بە مێشک.
لە کۆنگرەی کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ توێژینەوەیەک ئاماژە پێکراوە کە نزیکەی 34 هەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە، بەشداربووان بەسەر دوو بەشدا دابەشکران، بەشێکیان چارەسەر و چاودێریی ئاساییان وەرگرت و بەشەکەی دیکەیان لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕ دەرمان و رێنوێنیی وردیان پێدرا بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێنیان.
د. یینگشیان سۆن، بەڕێوەبەری بەشی پزیشکیی دڵ لە نەخۆشخانەی سەر بە زانکۆی پزیشکی چین دەریدەخات، دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ، ئەو کەسانەی بەرزی پەستانی خوێنیان کۆنترۆڵکرابوو، نەک هەر پەستانی خوێنیان دابەزی، بەڵکو 15٪ کەمتر تووشی لەبیرچوونەوەبوون و 13٪ کەمتر تووشی لاوازیی هزری بوون بە بەراورد بە گرووپەکەی دیکە.
بە گوتەی پزیشکانی پسپۆڕ، مێشکی مرۆڤ پێویستی بە سووڕێکی خوێنی تەندروست هەیە بۆ گەیاندنی ئۆکسجین و خۆراک.
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیان بە لوولەکانی خوێنی مێشک دەگەیێنێت، بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی لەڕێگەی پشکنینی بەردەوام، کەمکردنەوەی خوێ، وەرزشکردن و پابەندبوون بە دەرمانەوە، نەک تەنیا دڵ، بەڵکو مێشکیش دەپارێزێت و یارمەتیدەرە بۆ رێگریکردن لە لەبیرچوونەوە لە تەمەنی بەساڵاچووندا.



