رووداو - تەندروستی
پسپۆڕان دەڵێن، ئەو کارانەی بۆ تەندروستی و دەرووندروستی لە تەمەنی 30 ساڵیدا دەیکەیت، کاریگەرییەکی درێژخایەنیان لەسەر چۆنیەتیی پیربوونت دەبێت.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەریدەخات، دەکرێت زۆربەی خەڵکی تا تەمەنی 90 ساڵی بە تەندروستییەکی باشەوە بژین، ئەگەر شێوازی ژیانیان باش بکەن، بەتایبەتی لە دەیەی 30ی تەمەنیانەوە.
د. ئیریک ڤێردین، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگەی بەک بۆ توێژینەوە لەسەر بەساڵداچوون لە کالیفۆرنیا دەڵێت، "لەسەر بنەمای ئەوەی ئێستا دەیزانین، زۆربەی خەڵک دەتوانن چاوەڕێی ئەوە بکەن تا تەمەنی 90 یان تەنانەت 95 ساڵی بە تەندروستییەکی باشەوە بژین، ئەگەر شێوازی ژیانیان باش بکەن''.
توێژەران دەیەی 30ی تەمەن بە قۆناخێکی گرنگ دادەنێن، چونکە یەکەم گۆڕانکارییە پەیوەندیدارەکان بە تەمەنەوە لە سیستمە فیزیۆلۆژییەکاندا دەردەکەون، وەک بارستایی و هێزی ماسوولکە، چڕی ئێسک و رێکخستنی زیندەچالاکی.
پڕۆفیسۆر د. ژواو پاسۆس، پسپۆڕی فیزیۆلۆژی لە مایۆکلینیک دەڵێت، "ئەم قۆناخە دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ئەو رەفتارانەی کە خۆڕاگریی درێژخایەن دروستدەکەن''.
پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن کە لە 30ـیەکانی تەمەنەوە بایەخی تەواو بە شێوازی ژیانی تەندروست بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە بناخەیەک بۆ تەواوی ساڵەکانی دواتری کەسەکە.
بە پێی WHO ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون



