رووداو - تەندروستی
دوای ئەوەی ڤیدیۆیەک لە پەیجی رووداو بڵاوکرایەوە کە تێیدا هەوای هەولێر پیسبووە و کواڵیتی هەوا دابەزیووە، ئەمەش نیگەرانی لای هاونیشتمانییان دروستکردووە.
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەکو دەستەی ژینگە کاردەکەن بۆ پێکهێنانی تیم بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییە ژینگەییەکان و لە هەر شوێنێک سەرپێچی هەبێت، راپۆرتی لەسەر بەرز دەکەنەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "هەبوونی کارگە و پاڵاوگەکان، هەروەها کەمیی کارەبای نیشتمانی و بەکارخستنەوەی مۆلیدە بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگە و زیادبوونی گازە زیانبەخشەکان لە هەوادا."
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان، د. سەنعان عەبدوڵڵا گوتی، "پێویستمان بە هاوئاهەنگی هەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بتوانین ژینگەی شار بە پاکی رابگرین و هەمیشە داوامان کردووە مەرج و رێنماییە ژینگەییەکان جێبەجێ بکرێن."



