رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک دەریدەخات، تەقینی پەنجەکان هیچ پەیوەندییەکی راستەقینەی بە نەخۆشیی هەوکردنی جومگەکانەوە سەوەفان نییە.
د. دۆناڵد ئۆنگەر، پسپۆڕی هەستیاری و بەرگریی جەستە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڵێت "بۆماوەی چەند ساڵێک، تەنیا پەنجەکانی دەستی چەپم تەقاند زیاتر لە 36 هەزار جار، لەکاتێکدا دەستی راستم بە بێگەردی هێشتەوە. لە کۆتاییدا، پشکنیینی تیشکی (X-ray) بۆ هەردوو دەستم کرد و دەرکەوت هیچ جیاوازییەک لەنێوان هەردوو دەستدا نییە و هیچ نیشانەیەکی سەوەفان لە دەستە تەقێنراوەکەدا بوونی نییە ئەم تاقیکردنەوەیە سەرنجڕاکێشەشە خەڵاتی 'Ig Nobel'ی پێبەخشی''.
د. رۆد ئۆسکووریان، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی دەریخستووە، پشکنین و شیکاریان بۆ زیاتر لە 300 کەس بەشداربوو کرد و دەرکەوت، هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراو نییە بسەلمێنێت تەقاندنی ئاسایی پەنجە دەبێتە هۆی نەخۆشیی جومگەکان، بەڵام تەقاندنی زۆر توند و بەردەوام رەنگە لە حاڵەتی دەگمەندا کاریگەریی کاتی لەسەر هێزی دەست هەبێت.
د. جەی جەگاناسان، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دەمار لە میشیگن لە ئەمریکا دەڵێت " تەقاندنی تووند و بەردەوامی مل و پشت مەترسیدارە و دەبێتە هۆی زیانپێگەیاندنی دەمار و لوولەکانی خوێنی مێشک''.
پزیشکان رێنوێنی دەدەن، دەنگی تەقاندنی پەنجەکان لە ئەنجامی تەقینی بڵقی گازە لەنێو شلەی جومگەکاندا، نەک بەیەکداکوتانی ئێسک. ئەگەر تەقاندنی پەنجەکان بێ ئازار و ئاوسان بێت، زیانبەخش نییە و مەترسیی سەوەفان زیاد ناکات، چونکە سەوەفان زیاتر پەیوەستە بە تەمەن، بۆماوەیی و کێشی جەستە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر هەر تەقاندنێک ئازار یان ئاوسانی لەگەڵدا بوو، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.


