رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە چین لەبارەی خەوی قووڵەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەری نەخۆشکەوتن بە 83 جۆری جیاوازی نەخۆشی کەم دەکاتەوە.
تیمێک بە سەرۆکایەتیی جینگسۆنگ لو لە زانکۆی پێکینگ لە چین، چاودێریی زیاتر لە 95 هەزار کەسی پێگەیشتوویان کرد کە بۆماوەی حەوت رۆژ و حەوت شەو ئامێری چاودێریی مەچەکییان بەستبوو بۆ پێوانەکردنی قۆناخەکانی خەو.
ئەنجامەکە ئەوە بوو کە چوونە نێو خەوی قووڵ (REM) پەیوەست بوو بە کەمبوونەوەی مەترسیی 83 نەخۆشی، لەنێویاندا سستبوونی دڵ، لەبیرچوونەوە، پارکینسن، ئەڵزهایمەر و رەقبوونی لوولەکانی خوێن.
خەوی قووڵ زیاتر پەیوەست بوو بە کەمبوونەوەی مەترسیی حەوت حاڵەت، لەنێویاندا شەکرەی جۆری 2، خەمۆکیی تووند و وەستانی کاتیی هەناسەدان لەکاتی خەودا.
جینگسۆنگ لو دەڵێت: ئەوانەی شەش بۆ هەشت کاژێر دەخەون، باشتر دەگەنە خەوی قووڵ و کەمتر تووشی نەخۆشی دەبن، بەڵام ئەوانەی کەمتر لە پێنج کاژێر دەخەون نەخۆشکەوتنیان زیاترە.
بەپێی کۆمەڵەی خەو لە ئەمریکا، قۆناخەکانی خەو ئەمانەن؛
قۆناخی یەکەم؛ ئەم خەوە چەند خولەکێک دەخایەنێت، مرۆڤ لە ئاگاییەوە دەڕوات بەرەو خەولێکەوتن و بێ ئاگایی کە ئەم گۆڕانکارییانە بەسەر جەستەدا روودەدەن؛
- لێدانی دڵ و میکانیزمی هەناسەدان و جووڵاندنی چاوەکان خاو دەبنەوە.
- ماسوولکەکان خاو دەبنەوە و تەنیا جووڵەی جارناجاری خودکاریان دەبێت.
- شەپۆلەکانی مێشک دەست دەکەن بە خاوبوونەوە لە دۆخی ئاگاییەکەیان.
قۆناخی دووەم؛ ئەم قۆناخەی خەو لە هەموو قۆناخەکانی دیکە درێژترە بە درێژایی شەو و ئەمانە بەسەر جەستەدا دێنن
- سیستمی جەستە بەردەوامە لە خاوبوونەوە و پشوودان.
- پلەی گەرمیی ناوەکی نزم دەبێتەوە.
- جووڵەی چاو دەوەستێت.
- شەپۆلەکانی مێشک خاون، بەڵام هەندێک چالاکیی کورتی ماوە.
قۆناخی سێیەم و چوارەم؛ ئەزموونی خەوی قووڵ دەکرێت، بە درێژایی ئەم قۆناخانە؛
- لێدانی دڵ و تێکڕای هەناسەدانیش لەوپەڕی خاوبوونەوەدان.
- شەپۆلەکانی مێشک خاو دەبنەوە بۆ خاوترین.
- قورسە بەخەبەربێیت هەتا بە بوونی دەنگی بەرزیش.
بەگوێرەی مایۆکلینیک شەش رێگە دەبنەهۆی باشترکردنی خەو و درێژکردنەوەی ماوەی خەوی قووڵ؛
1. پێویستە نیکۆتین و کافایین، ژەمی قورس پێش خەوتن نەخورێن.
2. ژوورێکی سارد، تاریک و بەکارنەهێنانی شاشە پێش خەوتن، کواڵیتیی خەو باش دەکەن.
3. خەوتن لەماوەی رۆژدا کەمتر لە یەک کاژێر بێت.
4. رۆژانە وەرزش و جووڵەی بەردەوام هەبێت.
5. گوشار و دڵەڕاوکێ کەم بکرێنەوە.
6. کاتەکانی خەوتن و لەخەوهەستان دیار بن.



