رووداو - تەندروستی
پزیشکان لەسەر یەکەم پێناسەی جیهانی بۆ جەڵتەی دڵ رێککەوتن کە رێگە بۆ ملیۆنان خانم خۆش دەکات تاوەکو دوای دەیان ساڵ لە "پشتگوێخستن"ـی هۆکارەکانیان، چارەسەری باشتر وەربگرن.
لە رابردوودا هەندێک جۆری دەگمەنی جەڵتەی دڵ کە لەنێو خانماندا باو بوون، کەمتر پۆلێن دەکران و کەمتر بایەخیان پێدەدرا لەڕووی چارەسەر و مامەڵەکردنیانەوە، تاوەکو ئێستا خانمان چارەسەری کەمتر کاریگەریان وەردەگرن، کە هەمیشە هۆکاری دیاریکراوی جەڵتەی دڵەکەیانی چارەسەر نەدەکرد و تەنانەت لەوانەبوو نەخۆشتریان بکات.
ئێستا پسپۆڕە باڵاکانی دڵ لە جیهاندا بەڵێنی "شۆڕشێک"یان لەو بارەیەوە داوە دوای ئەوەی لەسەر گەورەترین پێداچوونەوەی دەیان ساڵی رابردوو بە شێوازی پێناسەکردن و دەستنیشانکردنی جەڵتەی دڵدا رێککەوتن، کە بەشێکی بۆ کەمکردنەوەی ئەو دواکەوتنە زۆرجار کوشندانەیە کە تووشی خانمان دەبێت.
سێ جۆرە جەڵتە باوەکەی نێو خانمان چین؟
بەپێی رێنوێنییە نوێیەکە، سێ جۆری جەڵتەی دڵ هەن کە لەنێو خانماندا باون، بەجۆرێک 10 هێندە زیاترن و ئەمانەش هۆکارەکانن؛
1- گرژبوونی خوێنبەری تاجی؛ بریتییە لە تەسکبوونەوەی خوێنبەر، کە دەتوانێت ماسوولکەی دڵ لە خوێن و ئۆکسجین بێبەش بکات و ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ، هۆکارەکەشی دەکرێت گوشاری دەروونی، وەرزشی قورس و بێ رێنوێنیی راهێنەر یان سەرما و سۆڵەی زۆر بێت.
2- گیرانی خوێنبەری تاجی؛ خوێن لەنێو خوێنبەری تاجییەوە کڵۆ دەبێت و لەنێویدا دەنیشێت کە دەبێتە هۆی گیرانی خوێنبەرەکە، بەهۆی زۆرخواردنی چەوری و نەبوونی چالاکیی جەستەیی و زۆرخواردنی شەکرە.
3- دڕانی خوێنبەری تاجی؛ بەهۆی دڕانێک لە خوێنبەری کۆرۆنەر (خوێنبەری تاجی)ـیەوە روودەدات، کە 80٪ـی حاڵەتەکان لە خانماندا روودەدەن و زۆرجار لەکاتی دووگیانیدا یان ماوەیەکی کورت دوای دووگیانی روودەدەن بەتایبەت ئەو دووگیانییەی کە لەژێر سەرپەرشتیی پزیشکی پسپۆڕدا نییە.
پڕۆفیسۆر د. برایان ویلیامز، سەرۆکی زانستی و پزیشکیی دامەزراوەی دڵ لە بەریتانا دەڵێت: "بۆ دەیان ساڵە، خانمان لە دەستنیشانکردن و چارەسەری ورد بێبەش بوون. ئەم گرنگیدانە بە دۆزینەوەی هۆکارە کەمتر باوەکانی جەڵتەی دڵ دەبێت یارمەتیدەر بێت بۆ گۆڕینی ئەوە و ژیانی ژمارەیەکی زۆری خانمان بپارێزرێت.
ئەمەش بزانە
رێنوێنییە نوێیەکان، کە لە گۆڤاری ئەورووپیی دڵ (European Heart Journal) بڵاو کراونەتەوە، لەلایەن چوار گرووپی پێشەنگی تەندروستیی دڵ و خوێنبەرەکان لە جیهاندا داڕێژراون: کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ (ESC)، کۆلێژی ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، کۆمەڵەی ئەمریکیی دڵ و فیدراسیۆنی جیهانیی دڵ.



