رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو ئاشکرای دەکات، وزەبەخشەکان هیچ پێویست نین بۆ جەستە و گەورەترین بازرگانیشیان پێوە دەکرێت، روونیشی دەکاتەوە، کاریگەرییان کورتخایەنە و پڕن لە خراپترین جۆری شەکر و کافاین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-9-2026 د. عەلی جەلال، پسپۆڕی هەناو لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی، وزەبەخشەکان هۆکارێکن بۆ تێکچوونی دڵ و لوولەکانی خوێن و پاشانیش رژێنەکانی دیکەی جەستە.
د. عەلی جەلال دەڵێت: هیچ بڕێکی تەندروست نییە بۆ وزەبەخشەکان کە لەلایەن منداڵانەوە بخورێتەوە، چونکە منداڵ پێویستی بە خەوی پێویست هەیە و وزەبەخشەکانیش خەو تێکدەدەن.
خواردنەوە وزەبەخشەکان چی لە جەستە دەکەن؟
1- دوای 20 خولەک
لەدوای 20 خولەک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، لەبەر ئەوەی شەکری زۆریان تێدایە، شەکری خوێن بەرزدەکەنەوە و بەمەش خێرا هۆڕمۆنی ئەنسۆلین دەردەدرێت.
2- دوای 40 خولەک
لەدوای 40 خولەک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، کافاینی نێویان دەمژرێت، بەمەش جەستە وەڵامی دەبێت، بیلبیلەکانی چاو دەکرێنەوە، پەستانی خوێن زیاد دەکات و شەکری زۆرتر دەمژرێتە نێو خوێن، جەستە لە ئاگایی زیاتر دەبێت.
3- دوای 45 خولەک
لەدوای 45 خولەک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، بەرهەمهێنانی دۆپامین زیاد دەکات، کە دڵخۆشی دروستدەکات و هاوشێوەی وەڵامی جەستەیە بۆ هێرۆین و مادەی هۆشبەر.
4- دوای کاژێرێک
لە دوای کاژێرێک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، شەکری خوێن تێکدەشکێت، کافاین کەم دەکاتەوە، بەمەش کەسەکە هەست بەبێهێزی دەکات و میزاجی تێکدەچێت، زۆرجار سەرئێشە و بێهێزی یاخود خەوزڕان و هەستکردن بە دڵەڕاوکێ روودەدەن.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی تێکساس، رۆژانە خواردنەوەی 85 بۆ 170 ملیگرام وزەبەخشەکان دەبێتە هۆی لاوازی سێکسی بەتایبەت بۆ ئەو پیاوانەی کێشی جەستەیان کەمە.
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، منداڵان و مێردمنداڵان بەهیچ شێوەیەک ئەو خواردنەوانە نەخۆنەوە کە مادە وزەبەخشەکان و کافایینیان تێدایە و دەڵێت بۆ گەورانیش سنوورداربکرێن، چونکە بڕی زیاد لە پێویستی رۆژانە مادەی زیانبەخشیان تێدا هەن.

.png&w=3840&q=75)