رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، خواردنەوە وزەبەخشەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر دڵ، سوورێنچک و باری دەروونیی مرۆڤ دروستدەکەن و مەترسیی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی زیاد دەکەن.
د. تەها حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، خواردنەوە وزەبەخشەکان کاریگەرییەکی زۆر خراپیان لەسەر دڵ هەیە، چونکە رێژەیەکی زۆر کافایینیان تێدایە کە لێدانی دڵ زیاد دەکات، پەستانی خوێن بەرزدەکاتەوە، کارەبای دڵ تێکدەدات و ئەگەری راوەستانی دڵ زیاد دەکات.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەناو، خواردنی بەردەوامی خواردنەوە وزەبەخشەکان ئەگەری تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن زیاد دەکات، هەروەها خواردنەوەیان لەدوای وەرزشکردن مەترسیی راوەستانی دڵ بەرز دەکاتەوە.
دکتۆر تەها حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، خواردنەوە وزەبەخشەکان دەبنە هۆی هەوکردنی سوورێنچک و بەکارهێنەرانیان تووشی دڵەڕاوکێ، کەمخەوی و تووڕەبوونی بەردەوام دەبن.


.png&w=3840&q=75)