رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە، ئەو خانمانەی تووشبووی فرەکیسی هێلکەدانن مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاترە.
توێژینەوەکەی زانکۆی پێنسیلڤانیا کە لەسەر 2 ملیۆن کەس کراوە دەرکەوتووە ئەو کەسانەی فرەکیسی هێلکەدانیان هەیە، بە بەراورد بە کەسانی دیکە 2.5 هێندە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشک، 3.4 هێندە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی بچووکی مێشک هەیە.
د. ئانوجا دۆکراس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند، "پێویستە پزیشکان بە وردی چاودێریی تەندروستیی دڵی ئەو نەخۆشانە بکەن کە فرەکیسی هێلکەدانیان هەیە."
د. ئانوجا دۆکراس ئاماژە بەوەدەکات " بۆ ئەوەی خانمان دووربن لە نەخۆشیی فرەکیسی هێلکەدان پێویستە خۆیان بەدووربگرن جگەرەکێشان، کەمجووڵەیی و قەڵەوی هەروەها بایەخ بە شێوازی ژیانی تەندروست بدەن."
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە 10% بۆ 13%ی خانمان لە تەمەنی منداڵبووندا تووشی فرەکیسی هێلکەدان دەبن.
کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لێی ئەمانەن؛
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو



