رووداو - تەندروستی
ئەو هەواڵەم تایبەت بەو کەسانەیە کە شاورمە و گەس دەخۆن، کە چوونە نێو دووکانێکی گەس یان شاورمە یەکەم شت کە دەبێت سەیریبکەن پشت گەسەکەیە و بزانن ئاسنەکەی پشتی گەسەکە ژەنگی هەڵهێناوە یان نا.
خۆراکناسێک هۆشداری دەدات لەبارەی ئەو تەلە ئاسنەی لە زۆربەی ئامێرەکانی دروستکردنی شاورمەدا بەکاردێت و رایدەگەیەنێت، 90%ی ئەو تەلانە "ساختەن" و لەگەڵ گۆشتەکەدا کارلێک دەکەن، کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشیی دیکە زیاد دەکەن.
لەشکر حەمید، خۆراکناس بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو تەلە ئاسنەی لەبەردەم ئاگری شاورمەدا دادەنرێت، زۆربەیان ئەسڵی نین و بە تێپەڕبوونی کات ژەنگ هەڵدەهێنن و وردە ئاسنەکە تێکەڵی گۆشتەکە دەبێت و دەچێتە نێو جەستەی مرۆڤەوە.
بە گوتەی ئەو خۆراکناسە، "ئاسن کاتێک بچێتە نێو جەستەی مرۆڤ لەگەڵ خوێندا کارلێکدەکات و بەرگریی جەستە لاواز دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی شێرپەنجە."
ئەو خۆراکناسە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە رێگە بە بەکارهێنانی ئەو جۆرە تەلانە نەدەن، هاوکات داوا لە هاونیشتمانییانیش دەکات کە لەو شوێنانە شاورمە نەخۆن کە ئەو جۆرە تەلە بەکاردەهێنن.



