رووداو - تەندروستی
تاقیکردنەوەی رێگەیەکی سەلامەت بۆ رێگری لە خلیسکانی بەساڵاچووان لەنێو گەرماودا دەکرێت و توێژەرانی زانکۆی ئاریزۆنا لە ئەمریکا ئەمە دەکەن و دەیانەوێت بەساڵاچووان بە سەلامەتی گەرماو بکەن.
توێژەران دەیانەوێت بزانن هۆکاری کەوتنی نێو گەرماو چییە و چۆن بەساڵاچووان دەکەون؟ بە پێویستیشی دەزانن، لەمەودوا ئەندازیاران رووکەشی زەوی و بانیۆ و کەلوپەلەکانی گەرماو بەجۆرێک نەخشەسازی بکەن کە کەمترین خلیسکان رووبدات.
پڕۆفیسۆر د. تۆرمۆن لۆکهارت، پسپۆڕی ئەندازیاریی بایۆمێدیکاڵ دەڵێت ''کاتێک کەسێکی بەساڵاچوو دەبینم دەچێتە ناو بانیۆ و گەرماو، زۆر نیگەرانم دەکات چونکە رووی زەوییەکە تائێستا بە وردی دیزاین نەکراوە یان ستاندارد نەکراوە بۆ ئەوەی نەخلیسکێن. بۆیە کاتێک بەساڵاچووەکە لە بانیۆکەدا دەخلیسکێت، تەنیا حەوز و ئێسکەکانیان ناشکێن بەڵکو دەشێت تووشی پێکانی تووندی مێشکیش ببن''.
بەساڵاچووان لە مەترسییەکی جیدیی کەوتندان، چونکە ماسوولکەکانیان لاوازن و هێزیان کەم بووتەوە.
پڕۆفیسۆر د. تۆرمۆن لۆکهارت گوتی ''لەگەڵ بەساڵداچووندا هەستەکانیش تێکدەچن، بینین، هاوسەنگی و هەستکردن و جووڵەکان هەموویان تێکدەچن، بە روونی بینیومانە کە کەوتن لە بانیۆی خۆشووشتندا پەیوەندیی هەیە بە پێکانە تووندەکانی مێشک کە بەساڵاچووان زیاتر تووشی ئەمە دەبن.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە نزیکەی 38 ملیۆن کەس بەهۆی کەوتنەوە لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێن کە 700 هەزاریان گیان لەدەستدەدەن و زۆرینەیان بەساڵاچووانن.
راهێنانی بەهێزکردنی ماسوولکەکان و وەرزش دەکرێت رێگر بێت لەم کێشە باوە.



