رووداو - تەندروستی
دەرزیی دژەبەکتریایەک لە گرووپی چوارەمی سێفالۆسپۆڕین ئەگەری مەترسیی مردن زیاد دەکات بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی هەمان گرووپ و هۆشداری جیدی لێوە دەدرێت.
توێژینەوەیەک لە نەخۆشخانەی رۆزەمۆنت لە مۆنتریال لەسەر 22 هەزار نەخۆش ئەنجامدرا و دەرکەوت، بەکارهێنانی دژەبەکتریای (Cefepime) بۆ هەوکردنی تووند، ئەگەری 94٪ پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی مەترسیی مردن هەیە.
د. زەهرا سوهانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو رایگەیاند، مەترسیی دژەبەکتریاکە لە پێگەیشتوواندا زیاترە و لە منداڵاندا نیشانەی روونی مردن نەبینراوە. بەگوێرەی ناوبراو، کێشەکە رەنگە پەیوەندی بە ژەمی دەرمانەکەوە هەبێت نەک خودی دەرمانەکە، دوو هۆکاری سەرەکی لەخۆدەگرێت:
- بەکارهێنانی ژەمی کەمتر لە پێویست کە چارەسەرەکە ناتەواو دەکات.
- بەکارهێنانی ژەمی زیادە، بەهۆی کێشەی گورچیلەوە لە جەستە کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی دەمارەکان.
نەخۆشخانەی رۆزەمۆنت دەڵێت: ئەم لێکۆڵینەوەیە مانای ئەوە نییە دەرمانی (Cefepime) قەدەخە بکرێت یان لە رێنوێنییەکان لابدرێت، بەڵکو پەیامی سەرەکی ئەوەیە، ژەمەکان و بەکارهێنانەکەی پێویستی بە چاودێری کارکردنی گورچیلە و ژەمی گونجاو هەیە وەک (2 گرام هەموو 8 کاتژێرێک لەکاتی خۆیدا)، دەرمانەکە نابێت پشتگوێ بخرێت، چونکە چارەسەرێکی کاریگەرە بۆ بەکتریا مەترسیدارەکان.

.png&w=3840&q=75)

