رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی قەڵادزێ، لە رۆژێکدا 15 نەشتەرگەریی گەورە و مامناوەند ئەنجام دران، دیارترینیان دەرهێنانی سەروو 70 گرێ بووە لە منداڵدانی نەخۆشێکی 39 ساڵ.
د. ئاوات سابیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون وسەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەکە رایگەیاند، نەخۆشەکە ماوەی 9 ساڵ بوو منداڵی نەدەبوو و پێشتریش نەشتەرگەریی لابردنی گرێی بۆ کرابوو. نەشتەرگەرییەکە نزیکەی 2 کاژێر و 30 خولەکی خایاند و ئێستا تەندروستیی نەخۆشەکە جێگیرە.
د. ئاوات سابیر دەڵێت "قەڵەوی، خۆراکی ناتەندروست و وەرزشنەکردن هۆکاری دروستبوونی گرێن و رێنوێنیی خانمان دەکات، 6 مانگ جارێک پشکنینی سۆنار بکەن".
ئامار و وردەکاریی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی قەڵادزێ
- دەرهێنانی زیاتر لە 70 گرێ لە منداڵدانی چارەخوازێکدا.
- دەرهێنانی 2 گرێ و کیسی گەورە لە منداڵدانی نەخۆشێکی دیکەدا.
- نەشتەرگەرییەکانی دیکە: ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەریی ئێسک و شکاوی و پسپۆڕییەکانی دیکە لە هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکەدا.

.png&w=3840&q=75)

