رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی نیویۆرک لە ئەمریکا تێیدا دەرکەوتووە، دەرمانەکانی وەک ئۆزێمپیک، ویگۆڤی و زێپباوند کە بۆ چارەسەری شەکرەی جۆری 2 و قەڵەوی بەکاردێن، رەنگە مەترسیی قژ هەڵوەرین لەو پیاوانەدا بە رێژەی 7٪ زیاد بکەن کە لە بنەڕەتدا توانای بۆماوەیی تووشبوون بە کەچەڵییان هەیە.
پڕۆفیسۆر د. لین پێتوخۆڤا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت ''توێژینەوەکەمان یەکەم بەڵگەی بۆماوەیی لەسەر پەیوەندیی نێوان بەکارهێنانی دەرمانەکانی GLP-1 و زیادبوونی مەترسیی قژ هەڵوەرینی پیاوان پێشکێش دەکات و دەریخستووە، رەنگە پەیوەندییەکی بایۆلۆژی لەنێوان دەرمانەکانی کێشدابەزاندن و خانەکانی قژدا هەبێت''.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، ئەو بۆماوانەی پەیوەستن بە ئاستی بەرزی سرووشتیی پڕۆتینی وەرگری GLP-1، زیاتر لەو پیاوانەدا باون کە تووشی قژهەڵوەرینی بۆماوەیی (کەچەڵی) بوون.
تیمەکە بۆ دڵنیابوونەوە، کاریگەریی هۆکارەکانی دیکەی وەک بەرزیی پەستانی خوێن و بەرگریی ئەنسۆلینیان لەبەرچاو گرت، بەڵام هێشتا مەترسییەکە وەک خۆی مایەوە.
د. لین دەڵێت، ئەم دۆزینەوەیە دەکرێت لە داهاتوودا یارمەتیدەر بێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە زیاتر مەترسیی قژ هەڵوەرینیان لەسەرە پێش ئەوەی دەست بە وەرگرتنی ئەم دەرمانانە بکەن.



