رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر لەدەستدانی بینایی چاوی گەنجێک لە شاری هەولێر پێکدەهێنێت. بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستیش رایدەگەیێنێت، ئەندامانی لیژنەکە دیاریکراون و چاوەڕێی داواکاری گشتین بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە تاوەکو دیاری بکرێت رووداوەکە بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە بووە یان نا.
چیرۆکەکە چۆن بوو؟
گەنجەکە ناوی (ئەلەند سەڵاح کەریم)ـە، کێشەی لە یەکێک لە چاوەکانیدا هەبووە کە بینینی هێڵێکی رەش بووە، لەسەر داوای پزیشکێکی عەرەب کە لە هەولێر کار دەکات، لە رۆژی 27-6 نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام دوای سێ رۆژ بینایی ئەو چاوەی بە تەواوی لەدەستداوە.
دواتریش پزیشکەکە نەشتەرگەریی دووەمی بۆ کردووە، بەڵام هیچ سوودی نەبووە و بینایی بۆ نەگەڕاوەتەوە، دکتۆرەکەش خۆی لە ئەنجامەکەی بێبەری کردووە، بەوهۆیەوە گەنجەکە لە وەزارەتی تەندروستی و لای پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە.
رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، دکتۆر رەسووڵ عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەکە هەڵبژێردراوە و ئەندامانی دیاری کراون، چاوەڕێین داواکاری گشتی دادوەرێک دەستنیشان بکات تاوەکو لیژنەکە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات، چونکە لیژنەکە لەلایەن داواکاری گشتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت".
سەبارەت بە رەوشی یاسایی شوێنەکە و پزیشکەکە، دکتۆر رەسووڵ عەبدولخالق ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو سەنتەرەی چاو کە نەشتەرگەرییەکەی لێ کراوە، هەم پزیشکەکە و هەم سەنتەرەکەش مۆڵەتی فەرمییان هەیە و کێشەیان نییە؛ واتا لە رووی کارگێڕییەوە کارەکانی سەنتەرەکە تەواون، ئەوەی ماوەتەوە لەسەر لیژنەکەیە بزانن هۆکاری لەدەستدانی بینایی ئەو گەنجە بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە بووە یاخود نا."
بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون روونیشیکردەوە کە ئەو هاووڵاتییە هاوکات لە وەزارەتی تەندروستی و لای پۆلیسیش سکاڵای تۆمارکردووە.
هەروەها سامان سەلمان، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کوڕەی بینایی چاوی لەدەستداوە، سەرەتا لای پۆلیس سکاڵای تۆمارکرد و دواتر کەیسەکە چووەتە دادگە. دادگەش داوای لە وەزارەتی تەندروستی کردووە لیژنەیەکی زانستی و پسپۆڕ لەسەر ئەم بابەتە پێکبهێندرێت، وەزیریش پێکی هێناوە."
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە ژمارە 11299 لە 2ـی مانگی 9ـی 2026 بە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی دەرچووە، فەرمان دراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بەپێی پەیڕەوی ژمارە 16ـی ساڵی 2022 بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، بۆ ئەوەی بەدواداچوونی تەواو بۆ سکاڵای ئەو گەنجە بکرێت و ئەنجامەکەی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت.



.jpeg&w=3840&q=75)