رووداو – تەندروستی
کەمکردنەوەی کالۆری دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی هەوکردنی پووک، ئەمەش رێگەیەکی نوێیە جگە لە پاککردنەوەی ئاسایی ددانەکان و بە توێژینەوە سەلمێندراوە.
زانکۆی شاهانەی بەریتانی، توێژینەوەیەک لەسەر نەخۆشانی تووشبوو بە هەوکردنی پووک بۆ ماوەی شەش مانگ ئەنجامدرا. لەماوەی توێژینەوەکەدا، نەخۆشەکان بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە هەر خولێکدا رێژیمی کەم کالۆرییان پەیڕەو کرد، بڕی کالۆریی وەرگیراو لە 1100 کالۆرییەوە بۆ 750 کالۆری کەمکرایەوە،هاوشان لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەری ئاسایی ددان.
د. جوزیپی مایناس، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان لە زانکۆی شاهانەی بەریتانی رایگەیاند، بۆ یەکەمجار دەرکەوتووە گۆڕانکاری خۆراکی و کەمکردنەوەی کالۆری وەک چارەسەرێکی بەهێزی دژەهەوکردن بۆ نەخۆشییەکانی پووک کاردەکات.
پزیشکانی ددان رێنوێنی دەدەن، بۆ پاراستنی تەندروستیی پووک و ددان، جەخت لەسەر گرنگیی شووشتنی رۆژانەی ددان، بەکارهێنانی داوی ددان و دوورکەوتنەوە لە خواردنی شیرینی دەکرێتەوە. جێی ئاماژەیە، رێژیمەکانی کەمکردنەوەی کالۆری جێگەی پاککردنەوەی ددانەکان ناگرنەوە و ئەنجامدانیان بەبێ راوێژی پزیشک، بەتایبەتی بۆ نەخۆشانی شەکرە، مەترسیدارە.



