رووداو - تەندروستی
تیشکی سەروو وەنەوشەیی، جگە لە زیانگەیاندن بە پێست، دەبێتە هۆی چەندین کێشەی تەندروستی بۆ چاو، لەوانە ئاوی سپی، سووتانی گلێنە و کزبوونی چاو.
پزیشکانی ناوەندی کلیڤلاند لە ئەمریکا دەریدەخەن، کاتێک چاویلکەی بێ کواڵیتی لەچاودەکەیت، زیاتر دەرگەی چاو بۆ تیشکی سەروو وەنەوشەیی UV دەبێتەوە.
پزیشکانی پسپۆڕی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی چاو لە کلیڤلاند زیانە سەرەکییەکانی تیشکی سەروو بنەوشەیی بۆ چاو دەخەنەڕوو؛
- سووتانی خۆری چاو: هەستیاری، ئازار و هەستی بوونی خۆڵ لە چاودا دوای بەرکەوتنی تیژی خۆر.
- ئاوی سپی: تەڵخبوونی هاوێنەی چاو بە تێپەڕبوونی ساڵان و کۆبووەوەی تیشک.
- زیانی تۆڕی چاو: تێکشکانی هێواشی خانە هەستیارەکان بە درێژایی تەمەن.
لە کۆتاییدا بۆ پاراستنی چاوەکان لە تیشکی خۆر، گرنگە چاویلکەیەک بەکاربهێنرێت کە 100٪ دژی تیشکی سەروو وەنەوشەیی بێت، چونکە چاویلکەی رەشی بێ کواڵیتی زیانبەخشە و هۆکارێکی لاوازبوونی چاوەکانە. هەروەها، پێویستە لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 4ی ئێوارە، کڵاوی لێواردار لەگەڵ چاویلکە بەکاربهێنرێت.
- چاوی منداڵان هەستیارترە و پێویستیان بە پارێزگاری زیاترە، بۆیە دەبێت هان بدرێن بۆ بەکارهێنانی چاویلکەی ستاندارد. لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک لێڵبوونی بەردەوام، ئازاری تووند، یان سووربوونەوەی چاو دوای بەرکەوتنی خۆر، سەردانی پزیشکی پسپۆڕی چاو بکە.



