رووداو – تەندروستی
زۆرێک لە بیروباوەڕە باوەکان دەربارەی نەخۆشییەکانی دڵ هەڵەن، وەک ئەوەی تەنیا تووشی بەساڵاچووان یان پیاوان دەبێت.
پزیشکانی ناوەندی کلیڤلاند لە ئەمریکا دەریدەخەن، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ بەرفراوانترە لەوەی زۆربەی خەڵک پێیانوایە، تەمەنی گەنجی و نەبوونی مێژووی خێزانی مانای پاراستنی دڵ ناگەیێنێت.
بەگوێرەی کۆمەڵەی ئەمریکیی دڵ، دەکرێت رێگری لە 80٪ی جەڵتە و گرفتەکانی دڵ بکرێت لەڕێگەی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و پەیڕەوکردنی بنەما تەندروستییەکان، بەبێ پشت بەستنی تەواو بە دەرمان.
پزیشکانی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە کلیڤلاند پێنج تێگەیشتنی هەڵەی باو سەبارەت بە نەخۆشییەکانی دڵ دەستنیشان کردووە؛
1- نەخۆشیی دڵ تەنیا کێشەی پیاوانە
راستی: نەخۆشیی دڵ لە خانمانیشدا هۆکاری سەرەکیی مردنە لە جیهاندا. نیشانەکانی لە خانمان جیاوازە و بریتییە لە قورسیی
هەناسەدان، ماندووێتیی و ئازاری پشت یان سک، جیاوازە لە نیشانەی قورسیی سنگی پیاوان.
2- مێژووی خێزانیت نەبێت، مەترسیت نییە
راستی: زیاتر لە 80٪ـی نەخۆشییەکانی دڵ پەیوەستن بە شێوازی ژیانەوە، وەک قەڵەوی، خۆراکی ناتەندروست، جگەرەکێشان و بەرزیی پەستانی خوێن، تەنانەت ئەگەر کەسەکە مێژووی خێزانیشی لەگەڵ نەخۆشییەکەدا نەبێت.
3- نەخۆشیی دڵ نیشانەی ئاشکرای هەیە پێش ئەوەی رووبدات
راستی: جەڵتەی دڵ یان نەخۆشیی خوێنبەرەکان زۆرجار بێدەنگن و نیشانەی یەکەمیان لەناکاو دەردەکەوێت، بۆیە پشکنینی پێشوەختە گرنگە.
4- کۆلێسترۆڵ بەتەنیا پێوەری دڵە
راستی: کۆلێسترۆڵ تەنیا یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ تەندروستیی دڵ. پاراستنی دڵ پەیوەستە بە کۆنترۆڵکردنی چەندین هۆکاری دیکەشەوە، لەوانە هەوکردنی خوێنبەرەکان، پەستانی خوێن، ئاستی شەکری خوێن و جگەرەکێشان.
5- ئەگەر تەمەنت گەنجە، پێویستت بە نیگەرانیی دڵ نییە
راستی: کێشەکانی دڵ تەنیا پەیوەست نین بە پیرییەوە. رەقبوونی خوێنبەرەکان دەکرێت لە تەمەنی گەنجی و نەوجەوانییەوە دەست پێبکات، ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە شێوازی ژیان و سیستمی خۆراکییەوە.



