رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، یەکەی گەڕۆک بۆ پشکنینی شێرپەنجەی مەمک و نەخۆشییەکانی دیکەی مەمک لە بنکەی تەندروستیی عەنکاوە جێگیر کراوە و داوا لە خانمان دەکرێت بەشداربن لەو پشکنینە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەر خانمێک پشکنینی مەمکی بۆ نووسرابێت یاخود بیەوێت پێشوەختە پشکنین بکات، با بچێتە ئەو بنکەیە و لەنێو کلینیکە گەڕۆکەکە پشکنینەکەی بۆ بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13-9-2026 د. بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو نۆرینگە گەڕۆکەوە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا 900 خانم لە سنووری هەولێر پشکنینیان بۆ کراوە.
د. بێریڤان عەدنان روونی دەکاتەوە، نۆرینگە گەڕۆکەکە بە سەرپەرشتیی تەکنیکی و دارایی رێکخراوێکی ئەمریکییە و تاوەکو نزیکەی دوو هەفتەی داهاتوو لە بنکەی تەندروستیی عەنکاوە جێگیر دەبێت.
تەنانەت داوایەک ئاڕاستەی پزیشکانیش دەکات کە هەر پشکنینێکی مەمکیان بۆ هەر چارەخوازێک نووسیبێت، با چارەخوازەکە ئاگادار بکەنەوە لەو یەکە گەڕۆکە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی پشکنینەکەی بۆ بکرێت، ''چونکە پشکنینی مامۆگرافی و سۆنەری مەمک نزیکەی 50 بۆ 100 هەزاری دیناری تێدەچێت و لەو نۆرینگە گەڕۆکە بە خۆڕایی دەکرێت''.


