رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، ئەو کەسانەی بە بەردەوامی راهێنانە هەواییەکان دەکەن، تەمەن درێژتر دەبن و کەمتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن.
توێژینەوەکە لەلایەن پڕۆفیسۆر د. جەستن جەی لانگ، لە زانکۆی باشووری ئوسترالیا دەرکەوتووە، هەر زیادبوونێکی کەم لە راهێنانی هەوایی، مەترسیی مردن لە 11٪ بۆ 17٪ و مەترسیی سستبوونی دڵ تاوەکو 18٪ کەم دەکاتەوە.
جەستن جەی لانگ، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت، "توانای دڵ و سییەکان رەنگدانەوەی توانای جەستەیە بۆ گەیاندنی ئۆکسجین، و راهێنانی هەوایی کلیلی پاراستنیەتی." راکردن، مەلەکردن، پایسکلسواری و بەخێرایی رۆیشتن لە دیارترین ئەو راهێنانانەن کە لێدانی دڵ خێرا دەکەن.
جەین مۆرگن، پزیشکی پسپۆڕی دڵ ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە دڵ بەهێزتر بێت، کاراتر خوێن پەمپ دەکات و شانەکانی دیکە بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.
هەروەها لانگ دەڵێت، وەرزشکردن جگە لە کەمکردنەوەی مەترسیی جەڵتە و بەرزیی پەستانی خوێن، یارمەتیدەرە لە کۆنترۆڵکردنی کۆلیسترۆڵ و کەمکردنەوەی مەترسیی شێرپەنجە، خەمۆکی و شەکرەی جۆری 2.
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە هەرکەسەو بەپێی توانا و بارودۆخی خۆی بەرنامەی وەرزشی دابڕێژێت، چونکە ئەنجامدانی هەر جۆرە وەرزشێک باشترە لە وەرزشنەکردن.


.png&w=3840&q=75)