رووداو - تەندروستی
لە گەڕەکی ژیانی شاری هەولێر، دووکەڵێکی چڕ بووەتە مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر تەندروستیی دانیشتووانەکەی، خەڵکی گەڕەکەکە، بەتایبەتی منداڵان و بەساڵاچووان، لەبری هەوای پاک، هەوای پیس و زیانبەخش هەڵدەمژن، پسپۆڕێکی ژینگەش دەڵێت پێویستە موەلیدەکان 500 مەتر لە ناوچەی نیشتەجێبوونەوە دوور بن.
د. ساڵح نەجیب، پسپۆڕی ژینگە رایگەیاند، بەپێی رێنوێنییەکان، پێویستە هەر موەلیدەیەک 500 مەتر لە ناوچەی نیشتەجێبوونەوە دوور بێت و فلتەری تایبەتی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان.
بە گوتەی د. ساڵح نەجیب، ئەو دووکەڵەی لە موەلیدەکانەوە دەردەچێت، نەک هەر هەوا پیس دەکات، بەڵکو مەترسیی ئەوەی هەیە تێکەڵی ئاوی ژێرزەوی ببێت و زیان بە ئاوی خواردنەوە و خۆراکی دانیشتووانی گەڕەکەکە بگەیێنێت.
ئەو پسپۆڕەی ژینگە هۆشداری دەدات و دەڵێت، "کاتێک خەڵک لە هەوای ئەو موەلیدەیە هەڵدەمژن، دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە، پارکینسن، نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە."
د. ساڵح نەجیب، ئاماژەی بەوەش کرد کە کارکردنی بەردەوامی موەلیدەکان بەشدارە لە دیاردەی گەرمبوونی زەوی.


