رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، نزیکەی 70٪ـی هۆکارەکانی مردن لە جیهاندا بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوەن و داوای رێوشوێنی تووند دەکات بۆ ئەوەی وڵاتان دژی ئەو نەخۆشییانە بیگرنەبەر.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە نوێترین راپۆرتی ئەم ساڵیدا بۆ رۆژی جیهانیی سەلامەتیی نەخۆش ئاشکرای دەکات، 74٪ـی هۆکارەکانی مردن لە جیهاندا بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوەن. رێکخراوەکە ئەوە بە ''کێشەیەکی جیهانی'' ناودەبات و جەختیش لە چارەسەرکردنی دەکاتەوە.
بەپێی WHO، نەخۆشییە درێژخایەنەکان یاخود (نەخۆشییە نەگوازراوەکان) ئەوانەن کە مرۆڤ لەڕێگەی (بۆماوەیی، جینەکانی، شێوازی ژیانی ناتەندروست و ژینگەی نالەباری دەورووبەرەوە) تووشی دەبێت واتە ناگوازرێنەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە و ئەمانەی خوارەوە باوترینیانن؛
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- شێرپەنجە
- نەخۆشیی سییەکان بەتایبەت رەبۆ
- شەکرە
- بەرزەپەستانی خوێن
باوترین هۆکارەکان بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان
- خواردنی خۆراکی ناتەندروست
- زۆرخواردنی شەکر و خوێ
- کەمجووڵەیی
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- خواردنەوەی کحول
رێکخراوەکە ئاشکرای دەکات، ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە پێویستیان بە بەردەوامیی چارەسەر و مامەڵەی دروستی پزیشکی و خووە تەندروستییەکان هەیە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکەیان بکەن و زیانیان پێ نەگات.
بە شێوازی ژیانی تەندروست دەکرێت رێگری لە زۆرینەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بکرێت بەم شێوەیە؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون



