رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری Nature Communications بڵاو کراوەتەوە، هەستکردن بە تەنیایی و گۆشەگیری دەتوانن ساڵانێک لەو تەمەنە کەم بکەنەوە کە مرۆڤ بە تەندروستی و بەبێ نەخۆشیی درێژخایەن بەسەری دەبات.
توێژەرانی زانکۆی تولین لە ئەمریکا، داتای نزیکەی 278 هەزار کەسیان شیکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، ئەو ژنانەی هەستیان بە تەنیایی کردووە، بەراورد بە هاوتەمەنەکانیان، نزیکەی 2.4 ساڵیان لە ژیانی بێ نەخۆشیی جەستەیی لەدەستداوە، ئەم رێژەیە لە پیاواندا 1.7 ساڵ بووە.
زیانەکان بۆ تەندروستیی دەروونی زیاتر بوون، بەجۆرێک ژنانی تەنیا 3.7 ساڵ و پیاوانیش 5.8 ساڵیان لە ژیانی بێ کێشەی دەروونی لەدەستداوە.
لو چی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت، "ئەنجامەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەست بە تەنیایی و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر تەمەنی چاوەڕوانکراوی بێ نەخۆشی هەیە، چ جەستەیی بێت یان دەروونی".
توێژەران روونیانکردەوە، گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی بریتییە لە کەمبوونەوەی پەیوەندی و تێکەڵاوی لەگەڵ هاوڵاتیان، بەڵام هەست بە تەنیایی، هەستێکی کەسییە و پەیوەندی بە ناڕەزایەتی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.
توێژینەوەکە پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروست بە پڕبایەخ دەزانێت بۆ رێگری لەم دوو حاڵەتە؛
بە پێی WHO ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە.
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش.
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە.
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون.



