رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لەبارەی ئازاری سووڕی مانگانەوە هۆشداری دەداتە خانمان کە مەرج نییە هەموو ئازارێکی سووڕی مانگانە ئاسایی بێت و باسی ئەو جۆرە ئازارەش دەکات کە نائاساییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-9-2026 د. شەنە پشتیوان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە بووڵتەنی تەندروستیدا کە نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات، گوتی: ئەو جۆرەی ئازاری سووڕی مانگانە کە نیشانەی نەخۆشییە تووندتر و ماوەدرێژترە لەکاتێکدا ئازارەکە لەکاتی سێکس و سەروو حەوزیش هەستی پێدەکرێت کە بەهۆی گرێی منداڵدان و شانەی کۆچکردووی نێو پۆشی منداڵدانە لە شوێنی دیکە.
د. شەنە پشتیوان دەڵێت: شیرینییەکان یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی ئازار بەڵام دەبێت بڕێکی دیاریکراویان لێبخورێت، بەڵام پێویستە خۆراکە دەوڵەمەند بە پڕۆتین و ریشاڵییەکان بخورێن کە کاریگەرییەکی باشیان هەیە لە کەمکردنەوەی ئازار و باشتربوونی دۆخی خانمان لە سووڕی مانگانەدا
ئەم خۆراکانە دەوڵەمەندن بە ریشاڵەکان؛
پرتەقاڵ
سێو
مۆز
بادەم
برۆکۆلی
جەرجیل
هەنجیری وشک
برنجی قاوەیی
پستە
شۆفان
ئەم خۆراکانەی خوارەوە دەوڵەمەندن بە پڕۆتین؛
- سنگی مریشک
- ماسیی سەلەموون
- گۆشتی مانگا
- ماست
- فاسۆلیا
- سپێنەی هێلکە
- نیسک
- گوێز
- تۆوی چیا
- شیر
لەبارەی خۆشووشتن لەماوەی سووڕی مانگانەدا ئەو پسپۆڕە بە ئاسایی دەزانێت و لەبارەی دەروونیشەوە گوتی: خانمان لەو ماوەیەدا پێویستیان بە پاڵپشتیی دەروونی هەیە بۆ رەواندنەوەی ئەو خەمباری و گۆڕینی دەروونییەی لەو ماوەیەدا دەیانبێت.
ئەو پسپۆڕە قسە لەسەر ئەو دەرمانانە دەکات کە لەکاتی سووڕی مانگانەدا ئازار کەم دەکەنەو و دەڵێت: ئەگەر بە بڕێکی کەم و لەژێر راوێژی پزیشکدا بێت، کێشەی نییە، بەڵام ئەگەر بڕێکی زۆر بەکارهات، ئەوا رەنگە مەترسیداربێت بۆ سەر گورچیلە و جگەر.


