رووداو - تەندروستی
سەرەڕای پێشبینیی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا، توێژەران دەڵێن نزیکەی نیوەی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی شێرپەنجەوە دەکرێت رێگرییان لێبکرێت.
توێژەرانی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی (ACS)، لە شیکارییەکی نوێدا رایانگەیاندووە کە لە ساڵی 2024 نزیکەی 21 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی شێرپەنجە بوون و 9.8 ملیۆن کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. بەپێی پێشبینییەکان، تاوەکو ساڵی 2050 ژمارەی تووشبووان ساڵانە بۆ 34 ملیۆن کەس بەرزدەبێتەوە، کە بەراورد بە ساڵی 2024 رێژەی 67% زیاد دەکات.
د. هیونا سونگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، وازهێنان لە جگەرەکێشان، دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان، پاراستنی کێشێکی تەندروست و ئەنجامدانی وەرزش یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی رێژەی شێرپەنجە.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە شێرپەنجەی سییەکان هێشتا لە پلەی یەکەمدایە لە جیهاندا بۆ تووشبوون و گیانلەدەستدان. دوای ئەویش شێرپەنجەی مەمک دێت کە دووەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەسەر ئاستی جیهان.



