رووداو - تەندروستی
توێژەرانی زانکۆی ستانفۆرد لەڕێگەی چاودێریکردنی ورد، چۆنیەتیی رێگریکردن لە بەردی گورچیلە دەخەنەڕوو، د. ئالان پاو، پزیشکی نەخۆشییەکانی گورچیلە لە زانکۆکە دەریخستووە، لەنێو جەستەی مرۆڤدا پەمپێکی وردی کیمیایی هەیە کە دەتوانێت ببێتە قەڵایەک دژی بەردی گورچیلە.
د. ئالان پاو لەگەڵ هاوکارانی چاودێریی پڕۆتینێکیان کردووە بە ناوی NaDC1 لە خانەکانی گورچیلەدا و بۆیان دەرکەوتووە، ئەم پڕۆتینە کۆنتڕۆڵی ترشی ستریک (ترشی لیمۆ) دەکات. بەپێی توێژینەوەکە، کاتێک ئەم پڕۆتینە بە شێوەیەکی ناتەواو کار دەکات، بڕێکی زۆر لە ترشی ستریک لەڕێگەی میزەوە لە جەستە دەچێتە دەرەوە.
کەمیی ترشی ستریک رێگە خۆش دەکات بۆ یەکگرتنی کالیسیۆم و گۆڕانی بۆ کریستاڵ کە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی بەردی گورچیلەیە. ئەم دۆزینەوەیە دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی دەرمانی نوێ بە مەبەستی رێکخستنەوەی کاری ئەم پڕۆتینە و رێگریکردن لە بەردی گورچیلە.
بۆ خۆپاراستن، پزیشکانی ستانفۆرد ئەم رێنوێنییانە دەدەن؛
- خواردنەوەی بڕێکی گونجاو لە ئاو
- پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، شێوازی ژیانی تەندروست واتە؛ پەیڕەوکردنی رێچکەیەکی تەندروستی ژیان بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکان و مردنی لەناکاو، هەرچەندە زۆرینەی نەخۆشییەکان ناتواندرێن رێگرییان لێبکرێت، بەڵام مەبەست لێی پێشگیریکردنە لە زۆرینەیان.
بە پێی WHO ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون



